ئێف بی ئای لێکۆڵینەوە لەگەڵ هیلاری کلینتۆن دەکات
دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لێکۆڵێنەوە لەگەڵ هیلاری و ژمارەیەک لە یاریدەدەرەکانی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا ناوبراو هیچ زانیارییەکی نهێنیان لەڕیگەی ئێمێڵی تایبەتی خۆیانەوە ڕەوانە کردووە.
هیلاری کلینتۆن هەمیشە ڕەتیکردووەتەوە کە زانیاری نهێنی لەڕێگەی ئیمێڵی تایبەتی خۆیەوە ڕەوانە کردبێت، بەڵکو ئیمێڵێکی تایبەتی کردووەتەوە بۆ کارئاسانی کردن بۆ ناردنی نامەکان لەڕیگەی تەلەفۆنە تایبەتەکەی خۆیەوە، لەبری ئەوەی بەڕێگا زۆر ئاڵۆزەکاندا ڕەوانەی بکات.
ئەو لێکۆڵینەوەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا ناسراو بە (ئێف بی ئای) لەکاتێکدایە ، کە ژمارەیەک لەوەزیرانی پێشووی ئیدارەی ئەمریکا ، هیلاری کلینتۆن تۆمەتبار دەکەن بەوەی گوێی نەداوە بە ڕێوشوێنە ئەمنییە پێویستەکان بۆ ناردنی نامە و ئێمێڵەکان.
دوای تەوابوونی لێکۆڵینەوەکان وەزارەتی دادی ئەمریکا سەیری دۆسیەکە دەکات، کە ئایا ئەو گوێ پێنەدانە دەبێتە هۆی دروستکردنی تاوان و هیلاری تۆمەتبار دەکرێت.
لە ماوەی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٠٩تا ساڵی ٢٠١٣ ، تۆمەتبار کراوە بەوەی کە زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ نامەی نهێنی لەڕێگەی ئێمێڵی تایبەتی خۆیەوە ڕەوانە کردووە.
