ئێران..300 بەڕێوەبەر مانگانە زیاتر لە 12 هەزار دۆلار مووچە وەردەگرن

ئێران..300 بەڕێوەبەر مانگانە زیاتر لە 12 هەزار دۆلار مووچە وەردەگرن
هێندێك لە سەرچاوە نێوخۆییەكانی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی بوونی دەیان بەڕێوەبەری حکوومی كە مووچەی زیاتر لە 40 میلیۆن تمەن (12 هەزار دۆلار) وەردەگرن، باس لە بوونی گەندەڵییەکی زۆر لەناو دامودەزگاکانی ئەو وڵاتەدا دەکەن.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە "بەهۆی بڵاوكردنەوەی بەڵگەی پەیوەندیدار بە مووچەی بەڕێوەبەرانی حکوومی کردووە و دەگوترێ شەپۆلی وەلانانی كاربەدەستانی حکوومی دەستی پێکردووە.

سایتی "ئینتخاب" و چەند ڕاگەیەنی دیكە نووسیویانە 307 كەس لەم بەڕێوەبەرانە كە زیاتر لە 40 میلیۆن تمەنیان مووچە وەرگرتووە بەرەبەرە لە كارەكانی خۆیان دەردەكرێن‌و لەسەر ئەم پۆستانەیان لادەبەن.

هەر چەند تا ئێستاش کابینەی حەسەن ڕۆحانی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەكردۆتەوە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا یەكەمین شەپۆلی وەلانرانەكان بە لابردنی 4 بەڕێوەبەری گشتیی بانكە گەورەكانی ئێران دەستی پێ كرد.

لەو ڕۆژانەدا لەلایەن ڕاگەیەنەكانی بناژۆخوازانەوە زۆر بە توندی بەدواداچوون بۆ مەسەلەی مووچە دەیان میلیۆنییەكان دەکرێ، بەڵام وا دیارە دەوڵەتیش بە تەمایە هیچ بیانوویەك نەدا بە ڕكەبەرەكانی خۆی، بەتایبەت ئێستا كە تەنیا 11 مانگ تا هەڵبژاردنەكانی خولی دواتری سەركۆماری كات لەبەردەستدا ماوە.

لە حاڵێكدا هێندێك لە بەڕێوەبەرانی حکوومی بەهۆی وەرگرتنی مووچە چەندین میلیۆنییەكان وەلا نراون، بەڵام هەندێ ناوەند و دامەزراوە لە ئێران هەن كە تا ئێستاش وردەكاریی مووچەی بەڕێوەبەرەكانیان کەس پێی نازانێ.

سوپای پاسداران، كۆمیتەی ئیمدادی خومەینی، ستادی جێبەجێكردنی بڕیاری خومەینی، ناوەندی دەنگ ‌و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، دەزگای قەزایی و ئەنجومەنی چاودێری ئەم ناوەندانەن كە ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی خامنەیی دان و تا ئێستاش وردەكاریی بڕی مووچە و داهاتی ئەم ناوەندانە بە هیچ شێوەیەك ئاشكرا نەبووە.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا زۆر هەوڵی سنووردار بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ناوەندەكانی ژێر چاوەدێریی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە، بەڵام پاشان پەرلەمانی ئێران بڕیاری دا كە ڕێگە بەم ناوەندە نادرێ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ناوەندەكانی ژێر چاوەدێری ڕێبەری كۆماری ئیسلامیدا بكەن.













باسنيوز

Top