داعش هەڵوێستی خۆی لەبارەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا ئاشكرادەكات
رۆژنامەی (النبا)ی زمانحاڵی داعش، ئەمڕۆ سێشەممە شیكردنەوەیەكی بۆ دەرچوونی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا كردووەو تێیدا هاتووە "بەهۆی ئەنجامی راپرسییەكەوە، زیانێكی گەورە بە بازاڕە داراییەكان كەوتووە كە بە زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار دەخەمڵێنرێت، زۆرینەی زیانەكان لە پشكی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان بووە، لەوانە چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی زیاتر لە 800 ملیار دۆلار لە بەهای پشكەكانیان دابەزیووە".
هەروەها پشكەكانی ئەوروپا لە ماوەی یەك رۆژدا دوای ئاشكراكردنی ئەنجامەكان 10%ی بەهاكەیان هاتووەتەخوارەوە، بەپێی شیكردنەوەكەی داعش.
هەروەها ئەوەش نوسراوە كە جیابوونەوەی بەریتانیا بەبێ كێشەی سیاسی نەبوو، چونكە لایەنگرانی دەرچوون و مانەوە لە یەكێتی ئەوروپا بوون بە دوو بەرەوە، ئەوەش قورسی دابەشبوونی بەریتانیای ئاشكراكردو چەند ناوچەیەكی سەر بە بەریتانیا وەك سكۆتلەندا دوای ئەنجامی راپرسییەكە، داوای جیابوونەوە دەكەن و نایانەوێت لە یەكێتی ئەوروپا بچەنەدەرەوە.
لەبەشێكی تری شیكردنەوەكەدا هاتووە كە دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا زۆری ماوە، لەبەرئەوەی پێویستە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامی راپرسییەكە پەسەند بكاتو بەریتانیا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا گفتوگۆكانی لە بارەی چۆنێتی جیابوونەوەی دەستپێبكات، لەوپێناوەشدا "یەكێتییە خاچپەرستەكە دەیەوێت لە درەئەنجامەكانی دەرچوونی بەریتانیا كەمبكاتەوە".
23ی ئەم مانگە، خەڵكی بەریتانیا بەرێژەی لەسەدا 51.9 دەنگیاندا بۆ چوونەدەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا، لەبەرانبەردا لەسەدا 48.1 دەنگیان بۆ مانەوەدا لەچوارچێوەی یەكێتیەكەدا.
