سەرۆكوەزیرانی یۆنان: جیابوونەوەی بەریتانیا چاوەڕوانكراو بوو

سەرۆكوەزیرانی یۆنان: جیابوونەوەی بەریتانیا چاوەڕوانكراو بوو
سەرۆكوەزیرانی یۆنان رایدەگەیێنێت، جیابوونەوەی بەریتانیا چاوەڕوانكراو بوو، چونكە یەكێتی ئەوروپا لە بنەما بنەڕەتییە دیموكراسییەكانی خۆی دووركەوتووەتەوە.

ئەلێكسیس سیپراس، سەرۆكوەزیرانی یۆنان لە پێش كۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی ئەوروپا كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا، كە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو.

سیپراس پێیوایە قەیرانەكانی نێو ئەوروپا وایكردووە خەڵكی بەریتانیا بڕیاری جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا بدەن، چونكە وەك خۆی گوتی "یەكێتی ئەوروپا پرەنسیپی بنەڕەتیی خۆی كە دیموكراسییە، بۆ ماوەیەكی درێژە پشتگوێخستووە".

ئەلێكسیس سیپراس، كە ماوەی ساڵێك لەگەڵ سەركردەكانی ئەوروپا لەبارەی قەیرانی ئابووریی وڵاتەكەی و پرۆگرامی سكهەڵگوشین دانووستاندنی دەكرد، دەڵێت "ئەوروپا گەیشتووەتە قەیرانێكی پێشبینیكراو ئەوەش بەهۆی لاوازی دیموكراسی و نەبوونی هاوكاری كۆمەڵایەتی و پشتگیریكردنی یەكدی".

سەرۆكوەزیرانی یۆنان هیوایخواست ئەنجامی گشتپرسییەكەی بەریتانیا زەنگی بەخەبەرهێنانی ئەوروپا بێت.

سەرۆكوەزیرانی یۆنان، كە وڵاتەكەی چەند ساڵێكە بەدەست قەیرانی ئابووریی و سكهەڵگوشینەوە دووچاری چەندین كێشە بووەتەوە، گوتی "پێویستە گەشەپێدان جێگەی سكهەڵگوشین، یەكبوون جێگەی جیاكاری، دروستكردنی هەلی كار جێگەی نەبوونی كار و شەفافیەت و دیموكراسی جێگەی كۆبوونەوە بێ هەژمارەكانی پشت دەرگا داخراوەكان بگرنەوە".
Top