خەڵکی بەریتانیا دەنگیاندا بە دەرچوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا
لە گشتپرسییەکەی بەریتانیا کە زیاتر لە 46 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، زیاتر لە 16 ملیۆن کەس دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا داوە.
لەکاتێکدا لە زۆربەی راپرسییەکاندا بەرێژەیەکی کەم لایەنگرانی مانەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە پێشەوە بوون بەڵام وەک لە میدیاکانی بەریتانیا باس دەکرێت لەهەندێ ناوچەدا دەنگەکان پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بووە.
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 24-6-2016 و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لەپێشەوە بوونی دەنگی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، بەهای پۆند لە بەرامبەر دۆلارەوە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهاکەی گەیشتووەتە ژێر 1.4 دۆلار کە لە ساڵی 1985 تاوەکو ئێستا رووینەداوە.
کۆی ژمارەی دەنگدەران: 33,048,780
کۆی ئەو دەنگانەی بۆ مانەوە دراون: 15864555
کۆی ئەو دەنگانەی بۆ دەرچوون دراون: 17061744
جیاوازی نێوانیان: 1197189
کۆی دەنگە پوچەڵەکان: 25680
ژمارەی دەنگە لێک جیاکراوەکان بە پێی هەرێمەکان
ئینگلاند: دەرچوون 14,839,408 مانەوە: 12,990,310
ئیرلەندای باکوور دەرچوون: 349442 مانەوە: 440437
سکۆتلاندا: دەرچوون : 1018322 مانەوە: 1661191
وێڵس: دەرچوون : 854572 مانەوە: 772347
سکۆتلەندا و ئیرلەندای باکوور دەنگیاندا بە مانەوە و وێڵز دەنگی بە جیابوونەوە دا
ژماردنی دەنگەکان لە سکۆتلەندا، ئیرلەندای باکوور و وێلز کۆتاییهات و خەڵکی ئیرلەندای باکوور دەنگیان بە مانەوە لەگەڵ بەریتانیا داوە.
هەروەها ژماردنی دەنگەکانی خەڵکی سکۆتلەندا کۆتاییهاتووە و خەڵکی ئەو وڵاتەش دەنگیان بە مانەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا داوە. بەڵام خەڵکی وێڵز بە بەشداریی 71% -ی دەنگدەران، دەنگی بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا داوە.
وەزیری یەکەمی سکۆتلەندا: خەڵکی ئێمە دەیانەوێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بمێننەوە
نیکۆلا سترجۆن رێبەری حیزبی نەتەوەیی سکۆتلەندا و وەزیری یەکەمی سکۆتلەندا بە سەرنجدان بە دەرەنجامی گشتپرسییەکەی بەریتانیا گوتی: "خەڵکی ئێمە خوازیاری مانەوەن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و دەنگی خەڵکی سکۆتلەندا ئەوە نیشان دەدات".
نیکۆلا سترجۆن پێشتر هۆشداریی دابوو کە لەئەگەری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، گشتپرسی جیابوونەوەی سکۆتلەندا لە بەریتانیا لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت.
ئەگەری گشتپرسی لە ئیرلەندا و ئیرلەندای باکوور
بزووتنەوەی (شین فین) کە کۆنترین حیزبی چالاکی ئیرلەندییە بە ئاماژەدان بە دەنگی خەڵکی ئیرلەندا بەمانەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، داوایکرد گشتپرسی بۆ یەکگرتنەوەی ئیرلەندا و ئیرلەندای باکوور بەڕێوەبچێت و سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە لاببرێت.
ئەوروپییەکان کاردانەوەیان هەبووە
لە یەکەم کاردانەوەدا ئەوروپییەکان سەرسامی خۆیان لە دەرەنجامی گشتپرسییەکەی بەریتانیا دەربڕیەوە و زیگمار گابرییەل جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا لە توویتێکدا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیەوە و نووسیویەتی"نەفرەتی".
ماریەن لۆپن کەسایەتی سیاسی راستی تووندڕەو لە فەرەنسا داوای گشتپرسییەکی هاوشێوەی لە وڵاتەکەی کردووە و گیرت ڤیڵدێرز رێبەری حیزبی دژە کۆچبەرانی هۆڵەنداش کە پشتیوانی دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات، داوای گشتپرسییەکی هاوشێوەی بەریتانیا لە هۆڵەندا دەکات.
رووداو
