لە یەمەن ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی رادەگەیێندرێت
وەزارەتی دەرەوەی یەمەن لەو بارەوە رایگەیاندووە "شەڕ و پێکدادانەکان لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە دەوەستێندرێن، ئامانج لە راگەیاندنی ئاگربەستەکەش سازکردنی کەشێکی لەبارە بۆ گفتوگۆکانی جنێڤ."
هەم حوسییەکان و هەمیش لایەنگرانی حکومەتی یەمەن جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە بە ئامانجی رێککەوتن دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ و دەیانەوێت کۆتایی بەو جەنگە بێنن کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە 6 هەزار کوژراوی سەربازی و مەدەنی لێکەوتووەتەوە.
چاودێرانی سیاسیش چاوەڕێ دەکەن لە دانیشتنەکەی جنێڤدا هەردوو لایەن لە کۆمەڵێک بەرژەوەندی خۆیان خۆش ببن، بۆئەوەی رێککەوتنەکە بکرێت، لەکاتێکدا وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی عەرەبیش بەو قەناعەتە گەیشتوون کە کاتی دەستپێکردنی دانوستاندن هاتووە.
دانیشتنەکەی رۆژی سێشەممە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە مەترسی ئەوە دەکرێت رێکخراوی ئەلقاعیدە بۆشایی سیاسی و ئەمنی یەمەن بقۆزێتەوە بۆ فراوانکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی لەو وڵاتەدا.
ئاگربەستەکەی رۆژی دووشەممە دەرفەتی ئەوە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە دەدات هاوکارییەکانیان بگەیێننە ئەو ناوچانەی پێویستیان بە هاوکارییە. بەپێی راگەیێندراوەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان 80% ی خەڵکی یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی جیددی هەیە.
رووداو
