راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا: بە هاوکاریی پێشمەرگە شکستمان بە داعش هێنا
سۆزان رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە CNNـی راگەیاندووە، کە لە سەرەتای هەڵمەتە هەواییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لە هاوینی 2014ـەوە، بارودۆخەکان بە تەواوی گۆڕاون.
سۆزان رایس هەروەها رایگەیاندووە، کە داعش نزیکەی 20-25٪ـی ئەو ناوچانەی لە دەستداوە، کە لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە لە عێراق داگیری کردبوو، ئەمەش بە هۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە بووە، بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە لەسەر زەمین شەڕی ئەو رێکخراوە دەکەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بە رزگارکردنەوەی شارۆچکەی شنگالیش کردووە، کە هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکداەکانی کوردستان رزگاری کردەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پێیوایە ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر بەغدای پایتەختی عێراق نەماوە، کە پێشتر ”رووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوام و رۆژانەی دداعش دەبووەوە“ و لە سوریا و رۆژئاوای کوردستانیش ”هێزە هاوپەیمانەکانمان لەسەر زەوی“، توانییان شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان رزگار بکەن.
باسنيوز
