ئەردۆغان: ئەگەر پوتین راست بکات دەست لەکار دەکێشمەوە
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا شەوی دوشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2015 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی نەوت بە شێوەیەکی یاسایی دەکڕێت و سەرچاوەکانیش دیار و یاسایین.
رەجەب تەییب ئەردۆغان پەیامێک ئاراستەی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر سەلمێندرا تورکیا نەوت لە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکڕێت، ئەوا ”دەست لەکار دەکێشمەوە“، بەڵام ئەگەر نەتوانرا ئەو قسەیە بسەلمێنرێت، ”تۆ دەست لەکار دەکێشییەوە؟“.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژمارەی دانیشتووانی تورکیا 80 ملیۆن کەسە و ئەو وڵاتە ئەندامی گرووپی 20ـە، ”بۆیە بە داخین بۆ ئەوەی رووسیا بەمشێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەکات“.
پێشتر و دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسی جۆری سوخۆی لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا لەلایەن سوپای تورکیاوە، ڤلادیمێر پوتین تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد، کە بازرگانیی لەگەڵ رێکخراوی داعش دەکات و هاوکاریی پێشکەش دەکات.
باسنیوز
