120 هەزار پۆلیس و سەرباز لە پاریس بڵاوەیان پێکراوە

 120 هەزار پۆلیس و سەرباز لە پاریس بڵاوەیان پێکراوە
نزیکەی 120 هەزار پۆلیس و سەرباز لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڵاوەیان پێکراوە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی شارەکە، لە کاتێکدا رۆژی دووشەممە سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان بۆ لووتکەی کەشوهەوا روو لەو شارە دەکەن.

152 سەرۆکی وڵاتان و سیاسەتمەدار لە ماوەی 2 هەفتەی کۆنفرانسەکەدا سەردانی پاریس دەکەن بۆ ئەوەی بەشداری لووتکەی کەشوهەوا بکەن، ئەمەش دوای تەنیا دوو هەفتە دێت لە هێرشەکانی سەر پاریس کە بەهۆیانەوە 130 کەس کوژران.

15هەزار و 600 ئەفسەری پۆلیس بەبەردەوامی لە ئەرکدا دەبن لە لیل-دو-فرانس، ئەو شوێنەی کە کۆنفرانسەکەی لێدەبەسرێت.

بێرنارد کازنۆڤ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاندووە " بەهیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ چالاکییەک کە تووندووتیژی تێدابێت یان ببێتە هۆی تێکدانی رەوشی ئەمنی، نادەین".

چوار هەزار نوێنەر دەچنە پاریس و بەشداری لە کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا دەکەن، کە بە COP21 ناسراوە و 3 هەزار رۆژنامەڤانیش لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن.











رووداو
Top