فەرەنسا داوا دەكات لە شەڕی داعش هاوكاری كورد و سوننە بكرێت

فەرەنسا داوا دەكات لە شەڕی داعش هاوكاری كورد و سوننە بكرێت
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، باشترین بژاردە بۆ رۆژئاوا لە شەڕی دژ بە داعش هاوکاریکردنی کورد و هێزە سوننییەکانە بۆ ئەوەی لەڕووی زەمینەوە شەڕی دژ بە داعش بکەن، نەک رۆژئاوا خۆی لە شەڕی زەمینیی تێوەبگلێنێت.

مانوێل ڤالس، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لەکاتی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی سەبارەت بە دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی هێرشە ئاسمانییەکانی فەرەنسا لە سووریا، رایگەیاند، دەبێت ئەوروپا لە وانەکانی مێژووەوە فێرببێت و هەوڵنەدات لەڕووی زەمینییەوە لەشەڕەکان خۆی تێوەبگلێنێت، بۆیە باشتروایە رۆژئاوا هاوکاری کوردەكان و هۆزە سوننییە عەرەبەکان بکات.

ڤالس گوتیشی " مێژوویێکی نزیک ئەوەی فێرکردووین، لە عێراق یان لە لیبیا، زۆر ناعەقڵانییە ئەگەر ئێمە لەشەڕی زەمینی تێوەبگلێین، لەگەڵ کێ ئەو شەڕە بکەین؟ لە چ بارودۆخێکدا، یاخوود لەگەڵ کام وڵاتی رۆژئاواییدا دەست بەو شەڕە بکەین؟ با ئێمە دەرئەنجامێکی دیکە بەدەستبخەین و بزانین لە ناوچەکەدا چی روودەدات و رێگەی چیمان پێدەدات. باشتر وایە هاوکاری هێزی کورد و هێزی عەرەبە سوننەکان بکەین کە ئێستا لەڕووی زەمینییەوە شەڕ دەکەن".

گوتەكانی سەرۆكوزەیرانی فەرەنسا لەكاتێكدایە، شەوی هەینی 13ی 11ی 2015، لە چەند كردەوەیەكی خۆكوژی و هێرشی چەكداریدا، لە شاری پاریس 130 كەس كوژران، ئەوەش وایكرد حكومەتی فەرەنسا هەوڵەكانی بۆ لەنێوبردنی داعش لە عێراق و سووریا چڕتر بكاتەوە.

دوای رووداوەكانی پاریس فڕۆكە جەنگییەكانی فەرەنسا چەندین جار چەكدارانی داعشیان لە سووریا كردە ئامانج.

لەسەر ئاستی ناوخۆش فەرەنسا داوا دەكات كۆنترۆڵی سنوورەكانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا بەهێزتر بكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیازی ئەوەی كرد سنوورەكانی نێوان سووریا و توركیا دابخرێن.



































رووداو

Top