30 ملیۆن ئافرەت لە جیهان ئاوارە بوونە
سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی نەمانی توندوتیژی رایگەیاندووە، نزیکەی نیوەی 60 ملیۆن خەڵک کە بە ناچاری ئاوارە بوونە، ئافرەتانن.
لە پەیامەکەی "بان کی مۆن" هاتووە، زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە بە هۆی جەنگ و توندوتیژی هەڵاتوونە، لەو وڵاتانەی کە تێیدا جێگیر بوونە، رووبەرووی هەڵاواردنی رەگەزی ترس لە بێگانە بوونەتەوە.
ئەو جەختیش دەکاتەوە، تاوانەکان دژ بە ئافرەتان و کچان لەو وڵاتانەی کە رووبەرووی جەنگ بوونەتەوە و هەروەها هەڵسوکەوتی خراپ بەرامبەر بە ئافرەتان لە ماڵەوە کە لە سەرجەم ولاتان روو دەدات، هەرەشەیەکی گەورە دژ بە پێشکەوتنە.
ئەو سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە چارەنووسی ئافرەتان و کچان لە بارودۆخی شەڕ و ناکۆکی گوتیشی، ئەوان رووبەرووی سەختی جۆراوجۆر، دەستدرێژی و کۆیڵایەتی و هەروەها قاچاخ بوونەتەوە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە خەڵکی جیهانیش کردووە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەر بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و کچان و هەروەها پەرەپێدان بە یەکسانی رەگەزی و بە فەرمی ناسینی جیهانێک کە تێیدا ئافرەتان و کچان هەست بە ئاسایش بکەن.
