بەریتانیا، مشتومڕی لێدانی داعش لە سووریادا دەكات
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا داوای بەپەلە لە پەرلەمانتارەكانی وڵاتەكەی دەكات كە، پشتیوانیی لێدانی سەربازی بكەن كە (ستراتیژییەتێكی یەكگرتوو و بەهێز)ـیان هەیە بۆ لەناوبردنی داعش. ئەو پێی وایە لە كاتێكدا هێز و توانای سەربازیی باشیان هەیە، ناكرێت چاوەڕێی وڵاتانی دیكە بكەن ئاساییشی بەریتانیا لە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بپارێزن، بۆیە چالاككردنی شەڕ لە دژی داعش، بە پێویستییەكی بەپەلە دەزانن.
لە وەڵامی پەرلەمانتارەكاندا، دوێنێ لە وێست مینستەر، (دەیڤد كامیڕۆن) سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "بەشداریكردنی بەریتانیا لە هێرشە ئاسمانییەكان لە سووریا دۆخەكە دەگۆڕێت، ئێمە فڕۆكەوانی باشتر و چەكی باشترمان هەیە كە بەدیقەتترەوە لێدانەكان ئەنجام دەدەن، زۆرترین ئامانج دەپێكن و خەڵكی سڤیلیش نابنە قوربانی.
هەروەها گوتیشی، لە زەمینەوە سوپای سووریای ئازاد و هێزە كوردییەكان بۆ تێكشكاندنی داعش پشتیوان دەبن.
ئەگەرچی پارتییەكانی ئۆپۆزسیۆن لە دژی بەشداریكردنی بەریتانیا لە شەڕی داعش لە سووریادا دەوەستنەوە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت بەشێك لە ئەندامانی ئەو پارتیانە دەنگ بە ستراتیژییەتە نوێیەكەی (كامیڕۆن) بدەن، چونكە بەشداریی كاراتری بەریتانیا بە پێویست دەزانن. سەرۆكوەزیرانیش ڕەخنەی لە پەرلەمانتاران گرتووە و گوتوویەتی، شتێكی نامەنتیقییە كە ئەوان بە لێدان لە عێراق ڕازی بن، بەڵام لە سووریا نا، خۆ داعش لەو دوو وڵاتە سنووری نییە.
هەر لەو بارەیەوە (دەیڤد كامیڕۆن) نامەیەكی بۆ لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا ناردووە و، پێی گوتوون بەریتانیا لە ژێر هەڕەشەدایە و داوای پشتیوانی بۆ لێدانی داعشى لێ كردوون.
شیاوی گوتنە، دوای شاڵاوەكانی سەر پاریس، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ستراتیژییەتی لێدانی داعشی لە سووریایش خستووەتەوە بەرباس و، دەیەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە شەرعییەت وەربگرێت، لە كاتێكدا لە ساڵی (٢٠١٣)ـدا پەرلەمان بەشداریكردنی سەربازیی بۆ سووریا ڕەت كردووەتەوە.
لە ستراتیژییەتی نوێی حكوومەتدا، هاوكارییە لۆجیكییەكانیش بۆ هێزەكانی ناوچەكە دەگرێتەوە و، لەوانە پەرەپێدانی ناردنی ڕاوێژكاری زیاتر و پێداویستییە سەربازییەكان بۆ هێزە شەڕكەرەكانی دژی داعش لە ناوچەكەدا، بە تایبەتیش هێزە كوردییەكان لە عێراق و سووریادا. هەروەها بۆ دوای لێدانی سەربازی و تێكشكاندنی داعشیش، بەریتانیا پێی وایە چارەسەری سیاسییش لە ناوچەكەدا، پێویستییە.
