روسیا: هاوپەیمانی لەگەڵ رۆژئاوا باشترین رێگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە

روسیا: هاوپەیمانی لەگەڵ رۆژئاوا باشترین رێگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە
"دیمیتری مێدوێدۆف" سەرۆک وەزیرانی روسیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەتوانێت بە شێوەی خۆی بەرەنگاری تیرۆریزم ببێتەوە، بەڵام باشترین بژاردە بۆ ئەو کارە، هاوپەیمانی لەگەڵ رۆژئاوایە.

بە پێی هەواڵی رۆیتەرز، سەرۆک وەزیرانی روسیا کە وتارێکی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئاسیا-پاسێفیک لە مانیلی فیلیپین پێشکەش کرد، ئاماژە بە هێرشەکانی شەوی هەینی رابردووی پاریس و هەروەها کەوتنە خوارەوەی فرۆکەی روسی لە میسر کرد.

بە وتەی سەرۆک وەزیرانی روسیا دژ کردەوە لە لایەن رۆژئاواوە بەرامبەر بە روسیا سەرەڕای رووداوەکانی ئەو دواییەی جێگای "سەرسۆرمانە". ئەو جەختیشی کردەوە: "جەنگ دژ بە شارستانیەتی جیهانی راگەیەندراوە. هەرەشە لە هەموو جیهان کراوە و بەداخەوە ئەو هەرەشەیە جیدییە. بۆیە هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی دژ بە روسیا جێگای سەرسۆرمانە".

وتەکانی سەرۆک وەزیرانی روسیا رۆژێک داوی ئەوە دێت کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پشتراستیان کردۆتەوە کە کەوتنە خوارەوەی فرۆکەی روسی لە میسر بە هۆی بۆمبرێژ کردنی ئەو فرۆکەیە بووە. دوای ئاشکرا بوونی ئەو بابەتەش، سەرۆک کۆماری روسیا جەختی لە سەر پەرەپێدان بە هێرشەکانی ئاسمانی روسیا بۆ سەر تیرۆریستانی داعش داوە.

هاوپەیمانییەکیش بە رێبەری ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە سوریا و عێراق ئەنجام دەدات. فەرەنساش دوای روداوەکانی پاریس هێڕشەکانی بۆ سەر داعش لە سوریا زیاد کردۆتەوە.

Top