ئۆباما ستایشی رۆڵى پێشمه‌رگه ده‌كات
دوا به‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی جی بیست، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا باراك ئۆباما كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سازكرد.
سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا باراك ئۆباما باسی له بارودۆخی په‌نابه‌ران كرد و گوتی: ئاگاداری ڕه‌وشی په‌نابه‌رانم كه له چه‌ند بارودۆخێكی ناوخۆشدا ده‌ژین، باوه‌ڕناكه‌م هیچ وڵاتێك بتوانێت به‌قه‌د توركیا په‌نابه‌ر داڵده بدات كه دوو ملیۆن و 500 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری داڵده داوه، پێویسته هه‌موومان ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه بۆ په‌نابه‌ران ئه‌نجامی بده‌ین.
له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نوسێكدا ده‌رباره‌ی به‌كارهێنانی هێزی زه‌مینی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، ناوبراو گوتی: ئه‌وه رێگه‌چاره نیه، گریمان سه‌ربازمان نارد، به سه‌دان سه‌ربازمان لێدهكوژرێت به ملیۆنان دۆلار خه‌رجیمان ده‌بێت.
باشترین شت ئه‌وه‌یه به‌رله‌وه‌ی ته‌قه بكه‌یت نیشان بگریت، ئه‌وه‌ی گرنگه ستراتیژیه‌كی سه‌ركه‌وتوو به‌كاربهێنین. ناوبراو گوتی: په‌لاماره‌كه‌ی پاریس تابلۆیه‌كی ناشرینی داعش بوو، ئه‌وانه كاری تیرۆرستیه و دورن له ئیسلام، تیرۆرستان به هه‌ڵه له ئیسلام گه‌شتوون.
باراك ئۆباما باسی له كاره‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد و گوتی: ئه‌وه‌مان بینی كه له گۆڕه‌پاندا هاوپه‌یمانییه‌تی به‌هێزمان هه‌یه له دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، له عێراق به پاڵپشتی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ئاسمانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه توانیان شه‌نگال رزگار بكه‌ن، له ئێستادا هه‌وڵده‌ده‌ین ڕهمادیش رزگاربكهینهوه. داعش له به‌شێكی زۆری سنووره‌كانی نێوان سووریا - توركیا پاشه‌كشه‌ی پێكرا، یارمهتیهكانمان بۆ هاوپه‌یمانان زیاد كردووه تاكو رێگای سه‌ره‌كیه‌كانی ره‌قه به‌رووی داعش دابخه‌ن.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا تیشكی خسته سه‌رئه‌وه‌ی كه داعش لاواز بووه به به‌راورد به چه‌ند ساڵه و له ئێستادا ناوچه‌یه‌كی زۆری لێسه‌ندراوه‌ته‌وه له سووریا و گوتی: بۆ ته‌واو له‌ناوبردنی داعش پێویسته وڵاتانی زیاتر به‌شداری بكه‌ن و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه بكه‌ن.
