وەزیری بەرگری بەریتانیا هۆشداریی دەداتە پەیەدە
وەزیری بەرگری بەریتانیا بە رۆژنامەیەکی تورکی راگەیاندووە، کە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) نابێت ئەو شوێنانەی لەبەردەستییانە بە شێوەیەکی خراپ بەکاربھێنن و نابێت مافی مرۆڤ پێشێلبکەن، بەڵکو دەبێت وەک ھێزێکی گرنگ بۆ شەڕکردن دژی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەربکەون و لە ھەوڵی گەڕاندنەوەی خەڵکی ئاسایی بن بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.
مایکڵ فاڵۆن لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی حورییەتی تورکی رایگەیاندووە، بەپێی دوایین راپۆرتی دەزگای ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، کە لە 13ـی مانگی تشرینی یەکەم دەریکردووە ئاماژە بەوە دەکات، پەیەدە ماڵ و حاڵی خەڵکی بە ئەنقەست تێکداوە و پاڵەپەستۆی کردووەتە سەر خەڵکی سڤیلی کورد و عەرەب و تورکمان بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێبێڵن.
مایکڵ فاڵۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، کە نابێت پەیەدە ماڵ و گیانی هاووڵاتییانی سڤیل بەکاربهێنێت لە شەڕی دژ بە داعش.
پەیەدە ئەم راپۆرتە رەخنەییەی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵی رەتکردەوە و رایگەیاندووە، خەڵکەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان جێھێشتووە.
لە ھەمان کاتدا لاما فاکیح، راوێژکاری ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ رایگەیاندووە، نابێت پەیەدە شوێنی تایبەتی ژیانی خەڵکی سڤیل بەکاربھێنێت بۆ شەرکردن دژی چەکدارانی داعش، چونکە ئەمە دەچێتە قاڵبی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.
باسنيوز
