خامنەیی: گفتوگۆی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا رێككەوتنێكی مەترسیدارە

خامنەیی: گفتوگۆی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا رێككەوتنێكی مەترسیدارە
لە حاڵێكدا بڕیارە دەسەڵات و زلهێزە جیهانی و ناوچەییەكان چەند رۆژی دیكە لەبارەی قەیرانی سووریاوە دەست بە گفتۆكان بكەنەوە، خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئەو گفتوگۆیانەی بە بێ‌ واتا و مەترسیدار وەسف كردووە.

ئاژانسە فەرمی و نافەرمییەكانی ئێران بڵاویان كردەوە عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ‌ یەكشەممە لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فەرمانبەر، باڵوێز و سەركونسوولگەرییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرای كرد: “كۆبوونەوەی وڵاتانی جۆراوجۆر لەبارەی دیاریكردنی سیستەم و سەرۆكی وڵاتێك، بێ‌ واتایە و ئەمە رێككەتنێكی مەترسیدارە و هیچ وڵاتێك ئەم رێكارە قەبووڵ ناكات.”

خامەنیی لە درێژەی گوتەكانیدا ئاشكرای كردووە: “تەنیا رێگەچارەی قەیرانی سووریا هەڵبژداردنە و بۆ ئەمكارەش دەبێ‌ بە پچڕانی یارمەتییە سەربازی و داراییەكانی دژبەرانی، سەرەتا شەڕ و ئاڵۆزی كۆتایی پێبێت هەتا خەڵكی سووریا لە دۆخێكی ئارامدا كەس و حكوومەتی دڵخوازی حۆیان هەڵبژێرن.”

ئەم هەڵوێستەی خامەنەیی لە كاتێك دایە كە لە رۆژانی رابردوودا “ئەمیرحوسێن عەبدوڵڵاهیان” جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری وڵاتانی ئەفریقی و عەرەبی وێڕای ئاماژەدان بە بەشداریی ئێران لە دانیشتنی ڤییەنا لەبارەی داهاتووی سیاسیی سووریا و بەشار ئەسەد، گوتی: “لەم بارەوە ئێران هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ هیچ لایەنێك نەكردووە و ئێران تەنیا بە مەبەستی کارکردن بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ پرسی سووریا بەشداریی دانیشتنەکان دەکات.”

رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی پێشوو دانوستانی نێودەوڵەتیی ڤییەنا بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەكی سیاسیی قەیرانی سووریا، بەبێ‌ هیچ ئەنجامێك بەڕێوە چوو.

لەو خولە لە دانوستانەكان، ئەمەریكا بۆ یەكەم جار كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بانگهێشت كرد هەتا لەبارەی داهاتووی پرسی سووریا لەگەڵ دەسەڵاتە جیهانییەكان گفتوگۆ بكات.

بڕیارە ئەم دانوستانە حەفتەی داهاتووش هەر لە ڤییەنا درێژەیان هەبێت.

لە دەسپێكی قەیرانی ناوخۆیی سووریاوە كە نزیكەی پێنج ساڵە دەستی پێكردووە، ئێران وەك یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی لەڕێگەی سەربازی و داراییەوە پاڵپشتی مانەوەی حكوومەتی سووریا و دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی كردووە و تەنیا لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا 30 ئەندامی سوپای پاسداران لە ناوچە جیاجیاكانی سووریا لە شەڕوپێكدادانەكان لەگەڵ داعش و هێزە دژەبەرەكانی دیكەی سووریا كوژراوە.

نزیكەی 10 كەس لەو كوژراوە ئێرانییانە فەرماندەی باڵا بوون كە ناسراوترینیان حوسێن هەمەدانی بوو.







باسنیوز
Top