تورکیا هۆشداری دەداتە رووسیا
داودئۆغڵو، باسی لەوە كرد كە سنوورەكان و كایەی ئاسمانی كۆماری توركیا، لەژێر كۆنترۆڵ و دەسەڵاتی هێزەكانی چەكداری توركدایە و گوتی: "یاساكانی جەنگی ئێمە دیارن بۆ هەر كەس و لایەنێك، كە لە هەر شوێنێكەوە كایەی ئاسمانیمان ببەزێنێت".
سەرۆكوەزیرانی توركیا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەستكراوە بە هەوڵێكی زۆری دیپلۆماسی لەبارەی بەزاندنی كایەی ئاسمانی وڵاتەكەی و گوتی: "كەمێك پێش ئێستا دووبارە قسەم لەگەڵ سەرۆك ئەركانی سوپا كردەوە. فەرمانی پێویستمان بە وەزارەتی دەرەوە داوە. دەستكراوە بە هەوڵێكی زۆری دیپلۆماسی. هەڵوێستمان زۆر روونە، هەر كەسێك سنوور و كایەی ئاسمانیمان ببەزێنیت، دۆستانە ئاگەداری دەكەینەوە. جا هەر وڵاتێك بێت، رووسیا هاوسێ و دۆستمانە. بەو واتایەی توركیا و رووسیا هیچ بارگرژییەك لە نێویاندا رووی نەداوە. بابەتی سووریا قەیرانێكی توركی-رووسی نییە".
هاوكات داودئۆغڵو، باسی لەوە كرد كە هەوڵی دیپلۆماسی پێویستیان داوە لەگەڵ رووسیادا و گوتی: "لەحاڵەتی بەركەوتنی پرژەی ئاگری ئەو بەرەنگارییەی لە سووریادا هەیە بە توركیا، وەك ئەو گرژییەی دوێنێ رووی دا، رۆژی سێی تشرینی یەكەمیش دیسان جێگەی باس بوو. هەوڵی دیپلۆماسی پێویستمان لەگەڵ رووسیا دا. وەزیری دەرەوە پەیوەندی تەلەفۆنی بە وەزیری دەرەوەی رووسیاوە كرد و بە روونی ئەوەی پێ راگەیاند كە نابێت ئەمە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە. بەهەمان شێوە لە ئەنقەرە و مۆسكۆ هەوڵەكان بەردەوام بوون، ئاماژە بەوە كرا كە جارێكی دیكە پێویست دەكات پێشێلكاری لەو جۆرە نەكرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەم بەیانییە لە رووسیاوە بەدەستمان گەیشتووە، ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەمە بەهەڵە رووی داوە و ئەوان رێزیان بۆ سنوورەكانی توركیا هەیە و رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نابێتەوە".
لەلایەكی دیكەوە، سەبارەت بە رەتكردنەوەی داخوازیی گواستنەوەی سندووقەكانی دەنگدان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاوە، داودئۆغڵو گوتی: "رێز لەو بڕیارە دەگرین كە لەو بارەیەوە دەرچووە. ئەو بڕیارە بەو شێوەیە دەرچووە. بەڵام رێز گرتن لە بڕیارەكە، بەواتای دروستی بڕیارەكە و پەسەند كردنی نایەت. رێزگرتن لێی، بەواتای دڵنیایی دێت لە پێویستی ئەنجامدانی ئەوەی پێویست دەكات. وەك حكوومەت ئەو كارە دەكەین".
AA
