كورد داواكهی ئهمهریكای بردهوه..دهبێ بهغدا سكاڵاكانی بكشێنێتهوه
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە" بڕیاری دادگایەکی ئەمهریکا لەبارەی دووبارە تێهەڵچوونەوە لە کەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەیسەلمێنێت کە وەزارەتی نەوتی عێراقی دەبێت لە کۆتاییدا هەموو ئەو سکاڵانامە بێ بنەمایانە بكشێنێتەوە کە دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆماری کردووە".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێیوایە" بڕیارە دادوەرییەکەی دادگای ئەمهریکا سەبارەت بە تێهەڵچوونەوە، مانای وایە وەزارەتی نەوتی عێراق، دەبێت ئەو تۆمەتانە بكشێنێتەوە کە دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر تۆماری کردوون، چونکە نەوتی هەرێمی کورستان فرۆشراوەو گەیشتووەتە جێگەی خۆی".
لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە" حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، دەبوایە ئەو دۆسیەیە زووتر دابخرایە، بۆیە دۆخەکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، واتە هیچ قەدەخەیەک لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ ئەمهریکا یان هیچ شوێنێکی دیکە بوونی نییە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان" بەردەوام دەبێت لە هەناردەکردنی هایدرۆکاربۆن بۆ دەرەوەو ئەوەش بەگوێرەی دەستووری عێراقی رێگەپێداروە".
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 هەرێمی کوردستان لە رێگای کەشتی نەوتی کالاڤرڤتا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی بەندەری گالاڤستن کرد بەمەبەستی فرۆشتن بەڵام حکوومەتی عێراق لەسەر فرۆشتنی راستەوخۆی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دادگاکانی ئەمهریکا سکاڵای لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد.
