نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریای ئیدانە کرد
بە گوێرەی ھەواڵی ئەلجەزیرە، "ئۆبرایان" ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر بازاڕێک لە شاری "دۆما"ی نزیک "دیمەشق"ی پایتەختی ئەو وڵاتەی ئیدانە کردووە کە بووەی ھۆی کوژرانی لانی ١١٠ھاوڵاتی مەدەنی.
وتەکانی بەرپرسی یارمەتییەکانی مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە کە بەپێی راپۆڕتی ئەلجەزیرە، سەرچاوەکان ئاماژەیان داوە کە رۆژی رابردووش ھێرشەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر شاری دۆما بەردەوام بووە.
بەرپرسی کاروباری یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە دوای خوێندنەوەی راپۆڕتی ھێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو حکومەتی سوریا بۆ شاری دۆما کە بووە ھۆی کوژرانی ١١٠ھاوڵاتی مەدەنی، "ترسێکی زۆری بۆ دروست بووە". ئەو گوتی: "ئەو جۆرە ھێرشانە پێویستە رابگیرن".
ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی سوریا ئەو ھێرشانەیان وەکو "کۆمەڵکوژی" ناوزەد کردووە. ئەو ھێرشەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر شاری دۆما کرا بە یەکێک لە ناخۆشترین رووداوەکانی سوریا لە چوارچێوەی جەنگە چوارساڵەکەی ھەژمار دەکرێت. جەنگی چوار ساڵەی سوریا تاکو ئێستا بۆتە ھۆی کوژرانی زیاتر لە ٢٥٠ھەزار کەس.
میدیاکانی حکومی سوریا ئاماژەیان بە سەردانەکەی "ستێڤان ئۆبرایان" بۆ سوریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ "وەلید موعەلیم" وەزیری دەرەوەی ئەو ولاتە کردووە و باسیان لەوە کردووە کە "ئۆبرایان" داوای ھاوکاری زیاتری لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کێشەکانی مرۆفدۆستانە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی رابردوو ھێزەکانی ئاسمانی سوریا بە بەردەوامی سێ جار ھێرشیان کردە سەر شاری دۆما. ھەروەھا بە پێی راپۆرتەکان ھێرشە ئاسمانییەکان شاری قۆتا لە نزیک دیمەشقیان کردە ئامانج.
حکومەتی سوریا لە رێگای ئەو ھێرشانە ھەوڵ دەدات کە پاشەکشە بە ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکات بە مەبەستی پاراستنی دیمەشقی پایتەخت.
