ناردنی سوپای تورکیا بۆ سەر سنووری سووریا بەردەوامە
ئادەم هودوتی، ژەنەڕاڵ لە سوپای تورکیا دوای ئەوەی بە فڕۆکەی تایبەت گەیشتووەتە کلیس سەردانی ئەو سوپا و فەرماندانەی کردووە کە لەسەر سنوورن و کۆبوونەوەیەکی سەربازی سازکراوە کە پارێزگاری کلیسش تێیدا بەشداری کردووە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 29-6-2015 لە گوندی کەرکەمیش-ی سەر بە عەنتاب لە باکووری کوردستان ژمارەیەک زرێپۆش و تانک بنەجێکران، رۆژی سێشەممە 30-6-2015 دەستکرا بە ناردنی زرێپۆش و چەکی سەربازی، چەکدارنی داعشیش لەسنووری جەرابلوس مین دادەنێنەوە و خەندەق هەڵدەکەنن.
32 تانکی سوپای تورکیا کە سەر بە یەکەی 5ـەمی زرێپۆشە، ژمارەیەک پاسی سەربازهەڵگر و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی کە کەلوپەلی سەربازیان هەڵگرتووە لە رێوشوێنێکی ئەمنی تووندا روویان لە کلیس کرد، بەشێک لەو تانکانە لە گوندی ئەلبەیلی، بنەجێ دەکرێن.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند:" لە ئەگەری دروستبوونی هەر مەترسییەکدا بۆ سەر خاکی تورکیا، سوپای تورکیا و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لەوپەڕی ئامادەباشیدان".
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ: "هەموو رۆژێک مەترسییەکان بۆ سەر سنوورەکانمان زیاتر دەبن، ئەگەر هەڕەشەکان بگەنە سنووری ئێمە هەموو رێگایەک دەگرینەبەر، ئەگەر پێویست بێت دەستێوەردانیش دەکەین".
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رۆژی 01ی تەمموزی 2015 گوتی: "ئەگەر لەنێوخۆشدا هەڕەشە لەسەقامگیری تورکیا بکرێت، لە نێوخۆی تورکیاشدا دەستێوەردان دەکەین، ئێستا بەپێی پێویست سەرباز نێردراوە، لەوە دەچێت کە مەترسییەکەمان تێپەڕاندبێ، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێمە هەبێت وەڵامی پێویستی دەدەینەوە".
ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە رۆژی 30 ی حوزەیرانی 2015دا گوتی " لەم دوو هەفتەی دواییدا هەوڵدرا بەهۆی رووداوەکانی گرێسپی و کۆبانێ، تورکیا و داعش بخەنە نێو هەمان چوارچێوەوە، تورکیا هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخراوی هاوشێوەی داعشەوە نییە، لەمەودواش پەیوەندی نابێت".
رووداو
