بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئاگربه‌ست له‌ یه‌مه‌ن جێبه‌جێ بكرێت

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئاگربه‌ست له‌ یه‌مه‌ن جێبه‌جێ بكرێت
هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی كه‌ سعودیه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكانی حوسیه‌كان چڕ كردۆته‌وه‌ به‌ر له‌و ئاگربه‌سته‌ مرۆییه‌ی كه‌ سعودیه‌ رایگه‌یاندووه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بچێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ماوه‌ی پێنج رۆژیش ده‌خایه‌نێت . فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی و كۆگای چه‌كیان له‌ سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی حوسییه‌كاندایه‌، بۆردومان كرد .

حوسیه‌كانیش كه‌ هه‌ر چه‌ند ره‌زامه‌ندیان نیشانداوه‌ له‌ سه‌ر راگه‌یاندنه‌كه‌ی سعودیه‌ بۆ ئاگربه‌ست، هێرشیان كرده‌ سه‌ر خاكی سعودیه‌ و له‌ ئاكامی هێرشه‌كه‌دا هاووڵاتیه‌كی پاكستانی و یه‌كێكی سعودی كوژران . هه‌روه‌ها دوێنێ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئه‌نبارێكی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی سه‌ر به‌ حووسییه‌كان له‌ سه‌نعا .

هێزه‌كانی لیژنه‌ میللییه‌كانیش به‌ پاڵپشتی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی هێرشیان كرده‌ سه‌ر چه‌كداره‌ حووسییه‌كان له‌ ده‌روازه‌ى رۆژهه‌ڵاتی شاری عه‌ده‌ن و گه‌ڕه‌كی عه‌ریش و غازی له‌ ئه‌بیه‌ن و ده‌روازه‌ى رۆژئاوای شاره‌كه‌ . هاوكات له‌ شاری ته‌عز چه‌كداره‌ حووسییه‌كان هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌یان بۆردومان كردو ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوژران و برینداربوون .
Top