ئەمەریكا لە رووی داراییەوە هاوكاریی پێشمەرگە و سوننەكان دەكات

 ئەمەریكا لە رووی داراییەوە هاوكاریی پێشمەرگە و سوننەكان دەكات
لە نێو پڕۆژەیاسای بەرگریی نیشتمانیدا بۆ ساڵی 2016، داوای ئەوە دەكرێت كە سەدا 25-ی ئەو 715 ملیۆن دۆلارەی بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق تەرخان كراوە، راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی سوننە بێت.

لە نێو پڕۆژەیاسای بەرگریی نیشتمانیدا بۆ ساڵی 2016 كە لە لایەن كۆمیتەی هێزەكانی سەربازیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكادا گفتوگۆی لەسەر كراوە، داوای ئەوە دەكرێت كە سەدا 25-ی ئەو 715 ملیۆن دۆلارەی بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق تەرخان كراوە، راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی سوننە بێت.
كۆمیتەی هێزەكانی سەربازیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا گفتوگۆی لەسەر پڕۆژەیاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2016 كرد. لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیاسایەدا لە بەشی ئەو هاوكاریانەی كە بۆ شەڕی دژی داعش دابین كراون، داوا كراوە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئەو بڕە هاوكارییە داراییە كە كۆی گشتی 715 ملیۆن دۆلارە، راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە و ئەو هێزە سونییەی كە لە پاڵ حكوومەتی عێراقدا شەڕی دژی داعش دەكەن، تەرخان بكات.
بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە پێویستە بڕێك كە كەمتر نەبێت لە سەدا 25-ی ئەو بڕە دابینكراوە، راستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چەكدارانی سوننە و هێزی بەرگریی نیشتمانیی سوننە بێت و ئەگەر حكوومەتی عێراق ئەو مەرجانە جێبەجێ نەكات، ئەوا وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا هاوكارییە داراییەكانی خۆی لە ساڵی 2016 بۆ حكوومەتی عێراق رادەگرێت و لە حاڵەتێكی لەو جۆرەدا پێویستە بڕێك كە لە سەدا 60ی-ی كۆی گشتیی هاوكارییەكان كەمتر نەبێت، بدرێتە پێشمەرگە و ئەوەی دیكەیش بدرێتە هێزەكانی سوننە.
هەروەها لەو پڕۆژەیاسایەدا هاتووە كە، ئەگەر وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا یان وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی خوازراو نیشان نەدەن یانیش حكوومەتی عێراق مەرجە داواكراوەكان جێبەجێ نەكات، ئەوا پێویستە ئەمەریكا بۆ ئەوەی راستەوخۆ هاوكارییەكان بنێرێت، ناوی ئەو پێكهاتانە وەكو وڵات بهێنێت.
Top