دەمیرتاش: "دەرفەتێکی مێژوویی لەبەر دەستمان دایە"

دەمیرتاش:
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش دوێنێ لە مەیدانی کارتاڵی ئیستانبوڵ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتی: "ئەم جۆش و خرۆش و شادییە ھەمیشەیی دەبێت".

دەمیرتاش گوتی: "لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەمان حەوتی حوزەیران سەرکەوتنێکی زۆر گەورەتان پێشکەش دەکەین، ناونیشانی رزگاریمان لایە ئەویش پارتی دیموکراتیکی گەلانە. پێویستە ئەم ھیوایە و ئەو مەکینەیە کە دەتوانێت ئەو رێگایانەی بە بەفر داپۆشراون خاوێن بکاتەوە ناچارین بەرەو دەسەڵاتی ببەین".

دەمیرتاش هەروەها گوتی: "ئامانجی ھەدەپە تەنیا ئەوە نییە کە بەربەستی سەدا ١٠ی ھەڵبژاردن تێبپەڕێنێت و بچێتە پەرلەمانەوە بەڵکو رێپێوانێکی دوورودرێژی دەست پێ کردووە و تا ئەوکاتەی بەڕاستی خەڵک ببێتە دەسەڵات ئەو رێپێوانە بەردەوام دەبێت و لە بەرەبەیانی رۆژی ھەشتی حوزەیراندا درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین".

ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "بەیاننامەی ھەدەپە لە سەرانسەری تورکیا بووەتە جێگای خۆشحاڵی و جۆش و خرۆش و خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتە ئەوانەن کە جموجۆڵیان ھەیە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە کۆتاییدا گوتی: "ھەدەپە وێنەی راستەقینەی تورکیایە و داواکارم لە ھاوڕێیان و ئەندامانی پارتی پەیامی برایەتی ھەدەپە بگەیەننە ماڵ بە ماڵی تورکیا چونکە یەکەمجارە لە مێژوودا ئێمە لە پەرلەمان بەرەو دەسەڵاتی راستەقینەی خەڵکەوە ھەنگاو دەنێین و زۆر باش دەزانین لە کوێوە ھاتووە و بەرەو کوێ دەڕۆین".



























AA
Top