ئەمڕۆ لوتکەی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت

 ئەمڕۆ لوتکەی ئاشتی لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت
بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک سەرۆک و نوێنەری وڵاتان روو لە ئیستەنبوڵ بکەن بۆ بەشداربوون لە لوتکەی ئاشتی، کە بڕیارە لە 23- ئەم مانگە دەستپێبکات و تاوەکو 25-ی مانگ بەردەوام بێت.

بەشێک لە میدیاکانی تورکیا سازکردنی ئەو لوتکەیە وا نیشاندەدەن کە لەبەرامبەر یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان رێکخراوە، چونکە هەموو ساڵێک لە 24 ی نیسان یادی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان دەکرێتەوە، کە لە ساڵی 1915 لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە روویدا و ژمارەی قوربانییەکان لەنێوان 600 هەزار تاوەکو ملیۆنێک و 800 هەزار کەس بوو.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پاپای ڤاتیکان لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا گوتبووی: "یەکەمین کۆمەڵکوژی سەدەی بیستەم بەرامبەر بە ئەرمەنەکان کراوە".

لەبەرامبەردا رۆژی 12-4-2015 ، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ڤاتیکانی لە ئەنقەرە بانگهێشتکرد و بەفەرمی هەڵوێستی وڵاتەکەی پێڕاگەیاند، بۆیە ئەمڕۆ کاردیناڵ پێتەر تورکسۆن، نوێنەری پاپای ڤاتیکان لە تورکیا، بە بیانووی "نەخۆشییەوە" ناتوانێ بەشداری لوتکەی ئاشتی بکات.

ئەو لوتکەیەی ئەمڕۆ لە ئیستەنبوڵ سازدەکرێت، بەبۆنەی 100 ساڵەی شەڕەکانی چەناککالەن کە لە ساڵی 1915، هەمان ئەو ساڵەی ئەرمەنییەکانی تورکیا کۆمەڵکوژ کراون، ئەنجامدراوە.

بڕیارە 21 سەرۆککۆمار، 2 سەرۆکی پەرلەمان، 3 جێگری سەرۆککۆمار و 5 سەرۆکوەزیرانی وڵاتان بەشداری لوتکەی ئاشتی بکەن لە ئیستەنبوڵ.

چاوەڕێ دەکرێ لە بەریتانیا پرێنس چارلس بەشداری بکات و کوڕێکیشی یاوەری بکات. لە سووریا خالید خۆجا، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سووری بەشداردەبێت.

بەڵام هەریەکە لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا و فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا بەشداری تێدا ناکەن و ئەوان دەچنە ئێریڤان، پایتەختی ئەرمینیا بۆ ئەوەی بەشداری رێوڕەسمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بکەن. تاوەکو ئێستاش ئەمریکا بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریکردن و نەکردن نەداوە.





رووداو
Top