ئەمریكا.. گەنجێكی دیكەی رەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا

 ئەمریكا.. گەنجێكی دیكەی رەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا
لەكاتێكدا كە دەسەڵاتدارێتی ویلایەتە جیاوازەكانی ئەمریكا بەتایبەت لە نیویۆرك و میزووری داوای كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانیان دەكرد، كە دژ بە كوژرانی خەڵكی رەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە ئەنجامدەدرێت و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی دیسمەبەر، گەنجێكی دیكەی رەشپێستی تەمەن ١٨ ساڵ، لە شاری بێركلی سەر بە ویلایەتی میزووری، لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا و خۆپیشاندان لە نزیك شوێنی رووداوەكە دەستیپێكرد.

بەگوێرەی سەرچاوەكان ئەو گەنجە رەشپێستە ناوی ئەنتۆنیۆ مارتینە و لەلایەن پۆلیسەوە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەی لێكراوە.

دایكی ئەو گەنجە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەنتۆنیۆی كوڕی لەوكاتەدا لەگەڵ كچە دۆستەكەی بووە كاتێك تەقەی لێكراوە.

ئەم رووداوە جارێكی دیكە بووە هۆی زیاتر فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان و ئێستا لە ئەمریكا لە سێ شوێنی جیاواز لە نیویۆرك، فێرگسن و بێركلی خۆپیشاندان بەردەوامە.

كوژرانی ئەنتۆنیۆ دەبێتە سێیەمین رووداوی هاوشێوە لەماوەی پێنج مانگی رابردوو كە لە سێ رووداوی جیاوازدا سێ كەسی رەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە كوژراون.









رووداو
Top