سودان و باشوورى سودان پەیماننامەى دەستدرێژینەكردن ئیمزا دەكەن
بەپێى رێكەوتنەكە، هەردوولا پابەندن بە \"رێزگرتن لە سەروەریى و سەلامەتیى خاكى ئەوى تر و خۆدوورگرتن لە ئەنجامدانى هەر هێرشێك، بەتایبەت بۆردمانكردن\"".
ئەم رێكەوتنە دواى ئەوە دێ هەفتەى رابردوو گرژییەكانى نێوان سودان و بەشە جیابووەكەى گەیشتە ئاستێك عومەر بەشیرى سەرۆكى سودان وریایى دا لە هەڵگیرسانى شەڕ لەنێوان هەردوولادا، هەربۆیە ئیمزاكردنى ئەو رێكەوتنە بەلاى زۆر لە چاودێرانەوە شتێكى كتوپڕ بوو و پێشبینییان دەكرد هەردوو شاندى خەرتووم و جووبا دانوستاندنى دژوار و سەخت لە ئەدیس ئەبابا بكەن، تا بتوانن بگەنە رێكەوتنێك.
بەڵام بەشیێوەیەكى چاوەڕواننەكراو سامبۆ مبیكى سەرۆكى تیمى دانوستانكارى یەكەتیى ئەفریقیا هاتە دەرەوە و رێكەوتنى هەردوولاى راگەیاند.
یەكێك لە هۆكارەكانى ئاڵۆزیى نێوان هەردوو وڵات دیارینەكردنى سنوورى نێوانیانە كە هەندێ لە ناوچە سنوورییەكان كێڵگەى نەوتیان تێدایە، ئەمە جگە لە تۆمەتباركردنى یەكتر بە یارمەتیدانى یاخییانى دژ بەوى تر.
باشوورى سودان لە تەمووز/یۆلیۆى رابردوو دواى راپرسییەك لەسەر چارەنووسى هەرێمەكە، لە سودان جیا بوویەوە، بەشێكى زۆرى نەوتى سودانیش دەكەوێتە زەوییەكانى باشوورى سودان."
