توركیا دەستپێشخەرییەكى نوێ لەبارەى سووریا رادەگەیەنێ
ئەردۆگان ئاماژەى بەوە دا دواى \"گاڵتەجاڕییەكەى نەتەوە یەكگرتووەكان\"" لەبارەى سووریا و بەكارهێنانى ڤیتۆ دژ بە پرۆژەیاسایەكى ئەنجوومەنى ئاسایش بۆ سەركۆنەكردنى رێژیمى سووریا لەلایەن رووسیا و چینەوە، توركیا لەگەڵ چەند دەوڵەتێكى نەیارى حكوومەتى سووریا دەستپێشخەرییەكى نوێ لەبارەى سووریاوە ئامادە دەكەن.
سەرۆك وەزیرانى توركیا لە بەردەم پەرلەمانى وڵاتەكەیدا گوتى \""لەگەڵ ئەو وڵاتانەى پشتیوانى لە گەلى سووریا نەك رێژیمەكەى دەكەن، دەستپێشخەرییەكى نوێ رادەگەیەنین\""، بەڵام وردەكاریى دەستپێشخەرییەكەى ئاشكرا نەكرد.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەم بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا پێشوازى لە سێرگى لاڤرۆڤى وەزیرى دەرەوەى رووسیا كرد، چاوەڕوان دەكرێ شاندە باڵاكەى رووسیا دوا پەرەسەندنەكانى تەنگژەى سووریا لەگەڵ ئەسەد تاوتوێ بكەن.
ئەو سەردانەیش دواى ئەوە دێ شەمووى رابردوو رووسیا و چین مافى ڤیتۆیان لەدژى بڕیارێكى ئەنجوومەنى ئاسایشى ناودەوڵەتى بۆ سەركۆنەكردنى رێژیمى سووریا بەكار هێنا و پەكیان خست.
لاى خۆیەوە كۆشكى سپى هیواى خواست لاڤرۆڤ دەسەڵاتدارانى دیمەشق لەوە تێ بگەیەنێ كە تووشى چ گۆشەگیرییەك بوون، هەروەها وریایى دایە هاوپەیمانەكانى ئەسەد كە گرەوكردنیان لەسەر ئەسەد گرەوێكى دۆڕاوە.
"
