ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی په‌ره پێداوه
دیپلۆماتكارێكی ئه‌ورووپا له ڤیه‌نا، دوێنێ دووشه‌ممه به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه، كۆماری ئیسلامی له ناوه‌ندی ئه‌تۆمیی فه‌ردوو له نزیك شاری قوم له ئێران، دوو ریزی نوێی له سانتریفیوژ وه‌گه‌ڕ خستووه بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم به رێژه‌ی 20%.
ئه‌م دیپلۆماته كه ناوی ئاشكرا نه‌كراوه، گوتوویه‌تی ئه‌م دوو ریزه نوێیه هاوشێوه‌ی دوو ریزه‌كه‌ی پێشوون كه هه‌ركامه‌یان له 174 سانتریفیوژ پێكهاتوون و له ئێستادا یۆرانیۆمیان تێدا به‌پیت ده‌كرێت و هیچ گرفتێكیان تێدا نییه.
ئاژانسی رۆیته‌رز ده‌ڵێت دیپلۆماتكارێكی دیكه‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم، ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه به‌ڵام ئاماده نه‌بووه ورده‌كاریی زیاتر بدركێنێت.
په‌ره‌پێدانی چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كان و زیاتر پیتاندنی یۆرانیۆم له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه له‌كاتێكدایه كه قه‌یرانی ئه‌تۆمیی ئه‌و وڵاته قووڵتر بووه‌ته‌وه و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم ده‌ڵێت هه‌تا ئێستا دڵنیا نییه له‌وه‌ی ئێران به‌نیازی به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی نه‌بێت.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌فته‌ی رابردوو لیژنه‌یه‌كی دانوستانكاری ئاژانس به سه‌رۆكایه‌تیی جێگری سه‌رۆكی ئاژانس، سه‌ردانی ئێرانیان كرد و به بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كان بكه‌ن، بۆ ماوه‌ی 3 رۆژ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی گفتوگۆیان كرد.
دواتر ئاژانسی ئه‌تۆمی به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ورده‌كاریی دانوستانه‌كانی لیژنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بكات، رایگه‌یاند له ماوه‌ی 20 رۆژی داهاتوودا جارێكی دیكه لیژنه‌یه‌ك بۆ دانوستان ده‌نێرێته‌وه تاران.
په‌ره‌پێدانی چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له‌حاڵێكدایه كه هه‌تا ئێستا، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان 4 بڕیارنامه‌ی سزادانی به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی‌دا سه‌پاندووه و داوای لێكردووه پیتاندنی یۆرانیۆم بوه‌ستێنێت.
-PNA
