دەوڵەتی یاسا پێشوازی لە گەڕانەوەی عێراقییە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەكا
ئەمڕۆ دووشەم لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكا و خاوەن هەشت پۆستی وەزارەتییە، بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران كە لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەرەوە بایكۆتی كردبوو، ئەو بڕیارەی عێراقییە دوای ئەوە هات كە نۆ رۆژ لەمەوبەر بڕیاری گەڕانەوەی ئەندامانی لیستەكەی بۆ پەرلەمان دابوو.
محەمەد سەیهود سەركردە لە لیستی دەوڵەتی یاسا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیاری گەڕانەوەی لیستی عێراق بۆ دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێكی ئەرێنییە و ئێستە لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە هەوڵی سەرجەم لایەنەكان هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە هەردوو بواری یاسادانان و جێبەجێكردندا.
سەیهود روونی كردەوە \"ئێمە هیوادارین حكوومەتی ئێستە حكوومەتێكی هاوبەشیی راستەقینە بێ، لەسەر هەمووانیش پێویستە بەرپرسیارەتی لەئەستۆ بگرن و تەنیان لە ئیمتیازاتدا بەشداری نەكەن، هەروەك پێویستە سەرجەم وەزیرەكان بۆ بەرژەوەندیی وڵات كار بكەن\"".
سەیهود ئاماژەی دا بەوەی كە دەستوەردانی وڵاتانی هاوسێ لە كاروباری ناوەخۆی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزیی پێوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان كە هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەڵویستی عێراق بەرامبەر ئەو وڵاتانە لاواز بێ."
