یاریدەدەرى ئەردۆگان: ئۆتۆنۆمى دیموكراتى و دامەزراندنى دەوڵەت خەیاڵە

یاریدەدەرى ئەردۆگان: ئۆتۆنۆمى دیموكراتى و دامەزراندنى دەوڵەت خەیاڵە
بەشیر ئاتاڵاى یاریدەدەرى سەرۆك وەزیرانى توركیا و وەزیرى ناوخۆى پێشوو، لەبارەى ئۆتۆنۆمى دیموكراتى كە لە 14ى تەمووزى ڕابردوو لەلایەن كۆنگرەى كۆمەڵگەى دیموكراتییەوە هاتبووە ڕاگەیاندن ئاماژەى بەوە دا، ئۆتۆنۆمى دیموكراتى و دامەزراندنى دەوڵەتێكى جیا خەیاڵە.

بەگوێرەى هەواڵێكى CNN تورك دوێنێ سێشەم ئاتاڵاى لە میانەى سەردانكردى شارى كریكالە لە توركیا لەبارەى ئۆتۆنۆمى دیموكراتى ئاخاوت و گوتى \"بەلایەنى ئێمەوە ئۆتۆنۆمى دیموكراتى هیچ بەهایەكى نییە، لەبەرئەوەى بڕوامان پێی نییە. تەنانەت ئەوانەى ئۆتۆنۆمى دیموكراتییان ڕاگەیاندووە خۆشیان بڕوایان پێی نییە.

زیاتر گوتى \""بەڕاشكاوى دەڵێین ئۆتۆنۆمى دیموكراتى و دامەزراندنى دەوڵەتێكى جیا خەیاڵە، ئەوان خۆشیان بڕوایان پێی نییە. وەلێ بۆ ئەوەى ئاڵۆزى بنێنەوە ئەوەى لە دەستیان دێت دەیكەن\"".

كۆنگرەى كۆمەڵگەى دیموكراتى لە 14ى تەمووز/یۆلیۆى ڕابردوو لە شارى دیاربەكر لە توركیا ئۆتۆنۆمى دیموكراتی ڕاگەیاندن و بڕیاربوو بەو بۆنەیەوە ئاهەنگێكى جەماوەرى گەورە ساز بكەن، بەڵام بەهۆى كوشتنى 13 سەربازى توركیایى لە هەمان ڕۆژ لە ناوچە شاخاوییەكانى شارۆكەى سیلڤانى سەر بەدیاریەكر ئاهەنگەكەیان بۆ كاتێكى تر دواخست. "
Top