وەزارەتی دەرەوەی ئێران: تا سعوودیە لە بەحرێن نەكشێتەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ ناكەین

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: تا سعوودیە لە بەحرێن نەكشێتەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ ناكەین
ئەمڕۆ سێشەم بەڕێوەبەری گشتیی كەنداو و رۆهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، تا هێزەكانی سعوودیە لە بەحرێن نەكشێنەوە، هپچ پاساوێك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە.

ئەمیر حوسێن عەبدوڵاییان لەگەڵ رەتكردنەوەی هەواڵی هەندێك لە راگەیاندنەكان لەبارەی هەوڵی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە بەئاژانسی هەواڵی (ئیرنا)ی ئێرانی گوت، مەرجی ئێران بۆ دانوستاندن لەگەڵ سعوودیە ئەوەیە دەبێ هێزە چەكدارەكانی لە خاكی بەحرێن
بكشێنێتەوە.

پێشتر ئەندامێكی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رای گەیاندبوو، ئەگەر عەرەبستانی سعوودی ئاگەداركردنەوەكانی ئێران بەهەند وەرنەگرێ، ئێران پەشیمانی دەكاتەوە.

سەرچاوە رەسمییەكانی ئاشكرایان كرد لەسەر داخوازیی شانشینی بەحرێن و بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو وڵاتە رۆژی 14ی ئادار/مارسی رابردوو لە چەند وڵاتێكی كەنداوەوە، لەوانە عەرەبستانی سعوودی، هێزی سەربازی رەوانەی بەحرێن كرا.
Top