ئیخوان موسلمین لە میسر حزبێكی نوێی راگەیاند

ئیخوان موسلمین لە میسر حزبێكی نوێی راگەیاند
ژمارەیەك كەسایەتی و لایەنگری بزووتنەوەى ئیخوان موسلمینی میسر دامەزراندنی حزبێكی نوێیان لەو وڵاتە راگەیاند و بەنیازن بەشداریی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی بكەن كە بڕیارە هاوینی داهاتوو بەڕێوە بچێ.

ماڵپەڕی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریكایی بڵاوی كردەوە، ئیخوان موسلمین كە حزبێكی سیاسییە و بەبزووتنەوەیەكی دیاری ئیسلامی لە میسر دادەنرێ و لە سەردەمی حوسنی موبارەك سەرۆكی ئەو وڵاتە چالاكیی سیاسیی رەسمییان لێ قەدەخە كرابوو، حزبێكی نوێیان راگەیاند.

مەحموود حوسێن بەرپرسی یەكەمی ئیخوان موسلمینی میسر دوێنێ شەموو رای گەیاند، ئەو حزبە نوێیە بەناوی \"پارتی ئازادی و دادپەروەری\"" دەبێ كە بەنیازە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیی میسر بكا كە بڕیارە لە ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو بەڕێوە بچێ.

لە 25ی كانوونی دووەم/یەنایەری رابردوو ناڕەزایەتیی بەربڵاوی جەماوەری لە میسر، قاهیرەی پایەتەخت و شارەكانی تری ئەو وڵاتەی گرتەوە، خۆپێشاندەران داوای گۆڕانكاریی ئابووری و سیاسییان دەكرد و دواجار داوایان كرد حوسنی موبارەك سەرۆكی میسر واز لە دەسەڵات بێنێ، پاش 18 رۆژ كە كوژرانی زیاتر لە 800 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 6 هەزاری تری لێ كەوتووەتەوە، موبارەك وازی لە دەسەڵاتی 30 ساڵەى هێنا.

-ئاكانیوز"
Top