بەرادعی خۆی بۆ سەرۆكی میسر كاندید دەكات
سەرۆكی پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جەختی كردەوە، بۆ چاكسازیی بنەڕەتی لە میسر هەوڵدەدات، ماڵپەری رادیۆ (فەردا) وای گواستەوە.
بەرادعی لە گفتوگۆیەكی تەلەڤزیۆنیدا لە میسر گوتی، چاكسازیی لە یاسای بنەڕەتی بەس نیە و دەبێ یاسای تازە دابڕێژرێتەوە و بۆ راپرسی دابنرێ.
بڕیاڕ وایە، چاكسازی یاسای بنەڕەتی میسر لە 19 ئادار/مارس بۆ راپرسی دابنرێ و هەڵبژاردنی سەركۆماری میسر لە ماوەی 6 مانگی داهاتوو بەرێوەبچێ.
بەپێی ئەو چاكسازییانە، سەركۆماری میسر تەنیا لە دوو خولی 4 ساڵە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.
لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی میسر لە مانگی رابردوو، ئەنجوومەنێكی كاتی سەربازی كاروبارەكانی حكوومەتی بەدەستەوە گرتووە.
