ئۆجه‌لان: دورنییه‌ ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد بكوژرێت

ئۆجه‌لان: دورنییه‌ ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد بكوژرێت
گولاَن/س.م

سه‌رۆكى به‌ندكراوى پارتى كرێكارانى كوردستان به‌دورى نازانىَ سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا به‌هۆى هه‌وڵدانى بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى كورد بكوژرێت، و هۆشدارى دا له‌گه‌رى ده‌رچونى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌لاَتدار له‌ ناوچه‌ كوردیه‌كاندا له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.

له‌میانه‌ى چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كه‌یدا (عه‌بدولاَ ئۆجه‌لان)ـى سه‌رۆكى به‌ندكراوى پارتى كرێكارانى كوردستان رِایگه‌یاند:
به‌كوژرانى من له‌ به‌ندیخانه‌دا یان مردنم به‌ هۆى نه‌خۆشی بێت یان بومه‌له‌رزه‌ یان هه‌رهۆكارێكى به‌ئه‌فقه‌ست بێت یان نا شه‌رِێكى خوێناوى هه‌ڵده‌گیرسێت و ده‌بێته‌ هۆى دروست بونى شه‌رِێكى گه‌وره‌ى چونكه‌ پارتى كرێكارانى كوردستان هه‌رگیز باوه‌رِ ناكه‌ن كه‌ من به‌ ئه‌جه‌لى خۆم یان به‌نه‌خۆشیه‌ك بمرم به‌ ده‌ستێكى ده‌زانن كه‌ منى كوشتبێت.

گوتیشی: به‌دورى نازانرێت رِه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا بكوژرێت هه‌روه‌ك چۆن \"تورِگوت ئۆزال\"" به‌ر له‌وه‌ى هه‌وڵ بدات بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى كورد كوژرا.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى وته‌كانیدا ئۆجه‌لان گوتیشی: ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌لاَتدار زۆرینه‌ى ده‌نگى كورد به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وكاته‌ ئه‌ردۆگان خۆى به‌ نوێنه‌رى كورد ده‌زانێت، ئیتر خه‌باتى كورد به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت و شتێك نامێنێت به‌ناوى خه‌باتى كورده‌وه‌.

سه‌رۆكى به‌ندكراوى پارتى كرێكارانى كوردستان نیگه‌رانى خۆى ده‌ربرِی به‌هۆى به‌رده‌وامى هێرشه‌كانى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر چه‌كدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان، و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ پارتى كرێكارانى كوردستان ئاگربه‌ستى یه‌ك لایه‌نه‌ى رِاگه‌یاندوه‌ و ته‌نها به‌رگرى له‌خۆى ده‌كات بۆیه‌ جێى نیگه‌رانیه‌ كه‌ سوپاى توركیا هیچ هه‌ڵوێستێكى نییه‌ و له‌ هێرشه‌كانى به‌رده‌وامه‌.

له‌ كۆتاییدا عه‌بدولاَ ئۆجه‌لانى سه‌رۆكى به‌ندكراوى پارتى كرێكارانى كوردستان رِه‌خنه‌ى له‌ پرِۆژه‌ى ئۆتۆنۆمى دیموكراتى گرت بۆ كوردستانى باكور كه‌له‌لایه‌ن هه‌ردو پارتى كۆنگره‌یى دیموكراتى و پارتى ئاشتى و ئازادى پێشكه‌ش كراوه‌ و گوتى:
پێشكه‌ش كردنى پرِۆژه‌ى ئۆتۆنۆمى دیموكراتى بۆ كورده‌كانى توركیا په‌له‌كردنى پێوه‌دیاره‌ و كه‌موكورتى زۆری تێدایه‌ و ده‌سه‌لاَته‌كانى ئۆتۆنۆمى كه‌م كراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ رِاگه‌یاندنه‌كانى توركیا
"
Top