٤٦ وڵات داوای ڕاگرتنی خێرای ئێعدامەکان لە ئێران دەکەن
لە ٦٣هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە جنێڤ، ٤٦ وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشدارییان لە زیادبوونی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دا.
ئەو وڵاتانە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە لەسێدارەدانی ژمارەیەک خۆپیشاندەر و مەترسی لەسێدارەدانی دەیان کەسی دیکە کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەیە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە سەبارەت بە دادگاییکردنی داخراو، پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە پێشکەش بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کراوە، لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکەوە لانیکەم ٣١ خۆپیشاندەر لەسێدارە دراون و تا ئێستاش دەیان خۆپیشاندەر ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە.
وڵاتانی واژۆکار خوازیاری ڕاگرتنی ئێعدامەکان و مافی تۆمەتباران و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ئێران بوون.
گوڵان: سەردار خەلیل
