یانیڤ ڤۆلەر توێژەری شرۆڤەكاری سیاسەتی جیهانی لە بی بی سی و جەزیرە بۆ گوڵان: هێزی پێشمەرگە سوپایەكی نەتەوەیی ڕەسەن و دەستوورییە و پارێزەری شكۆی گەلی كوردستانە
دكتۆر یانیڤ ڤۆلەر پسپۆڕ و توێژەرە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەراوردكاری لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قۆچی ئەفریقا. لە توێژینەوەكانیدا تیشك دەخاتە سەر ململانێ نێوخۆییەكان، سەروەری و بزووتنەوە سەربەخۆخوازەكان، بەتایبەت لە كوردستان و باشووری سودان. ئەو نووسەری كتێبی نەوەی دووەمی جەنگەكانی ڕزگاریخوازییە كە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو كرایەوە. وەك براوەی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی دامەزراوەی هاری فرانكن گۆگنهایم، لێكۆڵینەوە لەسەر ڕۆڵی میلیشیاكان دەكات، وەك شرۆڤەكارێكی سیاسەتی جیهانی لە بی بی سی و جەزیرە كاردەكات، بۆ قسەكردن لەسەر كاریگەریی ملیشیاكان لەسەر سەروەریی دەوڵەت و بوونی پرۆسەی چەكداماڵینی ملیشیاكانی عێراق ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ئەنجامدا.
• لەژێر ڕۆشنایی ئەو كتێبەی ئێستا كاری لەسەر دەكەیت بەناونیشانی (میلیشیاتۆكراسییەكان)، عێراق تا چەند مۆدێلی دەوڵەتی پاشكۆی میلیشیایە، دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی ئەم هەژموونە سیاسییە بۆ سەر دەسەڵاتی فیدڕاڵی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- بۆ دەستەبەركردنی وردبینی، پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە كتێبەكەم هێشتا بڵاو نەكراوەتەوە و بڕیارە لە بەهاری داهاتوودا بكەوێتە بەر دیدی خوێنەران، هەرچەندە وەسفەكەت بۆ تێزە سەرەكییەكەم گونجاو و دروست بوو، لە ڕاستیدا، دۆخی هەنووكەیی عێراق بە تەواوی گوزارشت لەم مۆدێلە ناكات، بەڵكو ئەم چوارچێوە تیۆرییە زیاتر لەگەڵ هەلومەرجی عێراق لە سەردەمی جەنگی دژ بە قاعیدە و تا ڕادەیەك داعشدا دەگونجێت. گرووپە چەكدارە كاراكانی ئێستای عێراق، بەراورد بەو مۆدێلەی لە كتێبەكەدا خستوومەتە ڕوو، زۆر كەمتر پشتبەستوون بە حكومەتی ناوەندی، چونكە بەشێكی هەرە زۆری پشتیوانییەكانیان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دابین دەكرێت و لە چەندین بارودۆخی جیاوازیشدا لەگەڵ بەشێك لە ڕەوت و دامەزراوەكانی بەغدا لە ململانێ و دژایەتیدان. ئەم دابڕانە وای كردووە ئەو ئەكتەرانە ببنە سەرچاوەیەكی گەورەی ناسەقامگیری و مەترسیی جیددی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، تەواوی عێراق و سەقامگیریی ناوچەكەش، ئەمەش بەو هۆكارەی كە هیچ بەرژەوەندییەكی ستراتیژییان لە پاراستنی دۆخی باودا نییە و مانەوەی ئەم ستاتۆكۆیە لە خزمەت ئەجێنداكانیاندا نییە. بەم پێیە، واقیعی ئێستا ئاڵۆزییەكانی تێپەڕاندووە و ئەو مەترسییانە ڕەهەندی جیاوازتر و فراوانتریان بۆ سەر كۆی سیستمە سیاسییەكە و ئاسایشی نەتەوەیی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا وەرگرتووە، كە پێویستی بە هەڵوەستەكردنی جددییە.
• لە وتارەكەتدا لە ساڵی ٢٠٢٥، «ستراتیژیی خێڵی ئیسرائیلی لە غەززە: بەكارهێنانی پشێوی بۆ دروستكردنی نیزام» لە ڕۆڵی خێڵە ناوخۆییەكان وەك هاوبەشی ئاسایش و سەقامگیریی پاش ململانێ دەكۆڵیتەوە، ئەمە چ وانەیەك دەخاتە ڕوو سەبارەت بە پشتبەستن بە ئەكتەرە چەكدارەكان، كەی ئەم بكەرانە لە دابینكردنی ئاسایشەوە دەبنە هۆكاری پارچەپارچەبوونی سیاسی؟
- پشتبەستنی دەوڵەت بەو كاراكتەرانەی لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەكاندا كار دەكەن، هەرگیز دۆخێكی نموونەیی نییە، بێگومان لە كورتخایەندا ئەم تاكتیكە هەندێك دەسكەوت و سوودی ڕێژەیی بۆ ستراتیژیی دژەیاخیبوون دەستەبەر دەكات، تەنانەت زۆرجار حكومەتەكان و هێزە چەكدارەكانیان بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێك كورتهێنانی تاكتیكیی وەك كەمیی هێزی مرۆیی، سنوورداریی دارایی و نەبوونی شارەزایی پێویست لە جوگرافیای ناوچەی ئۆپەراسیۆنەكاندا، ناچاریی پەنابردن بۆ ئەم بژاردەیە دەبن، بەڵام كاتێك داڕێژەرانی ستراتیژ بڕیاری پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی لەو شێوەیە دەدەن، پێویستە بە وردی لێكەوتە مەترسیدارەكانی لەبەرچاو بگرن و بەدوای میكانیزمێكدا بگەڕێن بۆ ڕێگری و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانیان. ئەم لێكەوتانە تەنیا لە مەترسیی وەرگەڕانی میلیشیاكان بەسەر خودی پشتیوانەكانیاندا كورت نابنەوە، بەڵكو ڕاستییە تاڵەكە ئەوەیە كە ئەم هێزانە بە تێپەڕبوونی كات دەبنە خاوەن بەرژەوەندی و ئەجێندای تایبەت بە خۆیان، ئەم بەرژەوەندییانەش لە زۆر خاڵدا لەگەڵ ویستی پشتیوانەكانیاندا بەریەككەوتنیان دەبێت، بەتایبەت كاتێك باسەكە دێتە سەر پرسی كۆتاییهێنان بە توندوتیژی و هەنگاونان بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی. جگە لەوەش، بەكارهێنانی میلیشیاكان لێكەوتەی كۆمەڵایەتی و سیاسیی درێژخایەنی لێ دەكەوێتەوە، كە بە شێوەیەكی كوشندە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی و هەوڵەكانی بنیاتنانەوەی وڵات و دامەزراوەكانی حوكمڕانی لە قۆناغی دوای جەنگدا، كە دەبێتە لەمپەرێكی گەورە لەبەردەم ئاشتی و سەقامگیریدا.
• چۆن پێشمەرگە لە میلیشیا و گرووپە نادەوڵەتییەكان جیادەكرێتەوە، لە ڕەوتی گۆڕانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازییەوە بۆ پڕۆژەی دەوڵەتسازی چ چاكسازییەك بۆ یەكخستنی ئەم هێزە نیشتمانییە و چەسپاندنی شەرعییەتی لە پاراستنی هەرێمی كوردستاندا بە زەروور دەزانیت؟
- لە ڕوانگەی منەوە، هەرگیز گونجاو نییە هێزی پێشمەرگە وەك میلیشیا پۆلێن بكرێت، بەڵكو من وەك هێزێكی بەرگریی نیشتمانیی ڕەسەن و تەنانەت وەك سوپایەكی نەتەوەیی دایدەنێم، هەرچەندە دەزانین كە لە ئێستادا پێشمەرگە لە ڕووی لۆجیستییەوە وەك پێویست تەیار نەكراوە و هەندێك پێكهاتەی بنەڕەتیی جەنگیی نییە وەك هێزی ئاسمانییە، بەڵام لە ڕووی ئیتۆسی سەربازی، مێژووی پڕ لە سەروەری و ئەو دیدگە پڕ لە شكۆیەیە كە گەلی كوردستان هەیەتی بۆی، بەكارهێنانی زاراوەی میلیشیا، یان ڕێكخراوی نیمچە سەربازی بۆ ئەم هێزە، وەسفێكی نادروست و نادادپەروەرانەیە. سەبارەت بە یەكخستنەوەی ڕیزەكانی پێشمەرگە، دەبێت بە ڕاشكاوی بڵێم كە ئەم بابەتە لە دەرەوەی بازنەی پسپۆڕیی منە، چونكە من ڕاستەوخۆ كارم لەسەر چاكسازیی كەرتی ئەمنی (SSR) نەكردووە كە خۆی لە خۆیدا بوارێكی زانستیی و تەكنیكیی تایبەتە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە قووڵی باوەڕم وایە كە یەكخستنی پێشمەرگە دەبێت ببێتە كارە لەپێشینەكانی حكومەت و جەماوەری كوردستان، چونكە لە لایەكەوە پەرتەوازەیی و دووفاقەیی كاریگەریی نەرێنیی قووڵ لەسەر كارایی هەر هێزێكی شەڕكەر دادەنێت، و لە لایەكیتریشەوە بڕوایەكی قووڵم هەیە كە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەروەرییەكەی. من وای دەبینم كە ئامادەكردنی ژێرخانی پێویست و ستراتیژی بۆ لەخۆگرتنی سەرجەم پێشمەرگەكان و تێكەڵكردنیان لە چوارچێوەی یەك هێزی یەكگرتووی نیشتمانیدا، مەرجێكی بنەڕەتی و هەرە گرنگە بۆ بونیادنانی متمانە لە نێوان لایەنەكاندا، هەرچەندە من هیچ جۆرە ڕێنماییەكی تەكنیكی یان پلانێكی كردەییم نییە كە بتوانم لێرەدا پێشكەشی بكەم، چونكە ئەمە پسپۆڕییە.
• مەترسییەكانی بوونی هێزی چەكدار لە دەرەوەی ڕكێفی دەوڵەت چین و پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ چۆن بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسێی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكاندا بكات بۆ پاراستنی سەقامگیری و شكۆی یاسا؟
- بوونی هێزی چەكدار لە دەرەوەی ڕكێفی دەوڵەت هەمیشە هەڕەشەیەكی جیدییە، تەنانەت لە ڕژێمە سەركوتكەرەكانیشدا هێزە ئاساییەكان وەك سوپای نیشتمانی، تا ڕادەیەك پابەندی لێپرسینەوە و چاودێرین، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە دەسەڵاتێكی ستەمكاری وەك عومەر ئەلبەشیر لە سوودان، پەنای بۆ بەكارهێنانی جەنجەوید برد، چونكە بەشیر دەیویست خۆی لە بەرپرسیارێتیی تاوانەكانی دارفوور بدزێتەوە. كاتێك ئەم گرووپە چەكدارانە بێ چاودێری دەمێننەوە، كارەساتی وەك هێزەكانی پشتیوانی خێرا دەخولقێنن. ئاشكرایە ڕەگەزگەلێك لە ناو حەشدی شەعبیدا هەن كە نابێت هەرگیز دەستیان بە جومگەكانی دەسەڵاتی دەوڵەت بگات و پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانەوە، پەراوێزخستنی تەواوەتی ئەم گرووپانە ڕەنگە توندوتیژیی گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. لەبەر ئەوە، پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەوپەڕی وریایی و هەستیارییەوە هەنگاو بەرەو پرۆسەی تێكەڵكردن و پشكنینی توخمەكانی حەشد لە ناو هێزە فەرمییەكان و دەزگاكانی دەوڵەتدا بنێت، تاوەكو سەقامگیریی وڵات بپارێزرێت و ئەزموونە تاڵەكان دووبارە نەبنەوە. لێرەدا مەبەستمان پاراستنی شكۆی یاسایە لە بەرامبەر هەر لادانێكی چەكداری كە دەشێت ببێتە مایەی داڕمانی بنەماكانی حوكمڕانی و دروستبوونی پاشاگەردانیی سیاسی لە داهاتوودا، چونكە مێژوو سەلماندوویەتی كە هێزی سێبەر هەمیشە دوژمنی سەقامگیری، ئاشتی و پێكەوەژیانی درێژخایەنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە.
• لە كاتێكدا چاودێران پێیان وایە هەژموونی ئێران و بوونی میلیشیا چەكدارەكان بوونەتە بەربەست لە بەردەم سەقامگیریی عێراقدا، چۆن دەتوانرێت ئەم گرووپانە بێهێز بكرێن و بخرێنە ژێر ڕكێفی دەوڵەتەوە؟
- هەرچەندە ددان بەوەدا دەنێم كە جێبەجێكردنی ئەم دیدگەیە ئەركێكی یەكجار دژوار و پڕ لە ئاڵۆزییە، بەڵام هەنگاوی هەرە بنەڕەتی بۆ دەسپێكردنی ئەم پرۆسەیە، لە دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ سنوورداركردنی دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ئێران و بڕینی سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی پشتیوانی بۆ گرووپە پاراسەربازییەكاندا كورت دەبێتەوە، ئامانج لەمە لاوازكردنی ئەو هێزانەیە كە بە تەواوی نوێنەرایەتی ئەجێندا و بەرژەوەندییەكانی تاران دەكەن و لە دەرەوەی چوارچێوەی نیشتمانیدا كار دەكەن. لە قۆناغی دواتردا، پێویستە پەنا ببرێتە بەر ئاوێتەكردنی ئەو ڕەگەز و توخمانەی كە بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەتی عێراق دەخەنە سەروو هەموو شتێكەوە، لەگەڵ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەكی گشتگیر بۆ دابینكردنی جێگرەوەی شیاو و گونجاو بۆ ئەو لایەنانەی كە دەبێت لە چوارچێوەی پڕۆسەی داماڵینی چەكدا بە یەكجاری هەڵبوەشێندرێنەوە، پێویستە بە ڕاشكاوی ئاماژە بەوە بكرێت كە ئەم گرووپە چەكدارانە زۆرجار خاوەن ڕەهەندی قووڵی كۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوخۆیین، كەواتە گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشەی ئەم پەیوەندییانە و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەكانیان، بەشێكی دانەبڕاو و بنەڕەتییە لەم پرۆسە چاكسازییەدا. لێرەدا دەبێت جەخت بكەمەوە كە ئەم پێشنیازانە تەنیا ئەو هێزانە دەگرێتەوە كە لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقدا چالاكن. هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هیچ جۆرێك بەراورد یان هاوتا ناكرێت بەو گرووپە پاراسەربازییانە و ئەم تێڕوانین و پێشنیارانە بە هیچ شێوەیەك هێزە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
نیگەرانیی سەرەكیی من لەوەدا نییە كە ئەم میلیشیایانە نەتوانن خۆیان بگونجێنن، بەڵكو مەترسییەكە لەوەدایە كە ئەوان بە شێوەیەكی زۆر لێهاتووانە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا ڕێك بكەون و بببنە هێزێكی ڕەگداكوتاوتر و خۆڕاگرتر لە جاران. لەبەر ئەوەی توانای سەربازیی كلاسیكی و كەرەستە جەنگییە نەریتییەكانی ئێران لە ئەنجامی جەنگەكانی ئەم دواییەدا ڕوویان لە پاشەكشە كردووە، ستراتیژی بەكارهێنانی «هێزە بریكارەكان» بۆ تاران بووەتە بژاردەیەكی سەرنجڕاكێشتر، هەرچەندە ئەم توانایە خۆیشی بەهۆی ململانێكانەوە زیانی بەركەوتووە، بەڵام هێشتا پاڵنەرەكان بۆ بەكارهێنانیان وەك ئامرازی فشار بەهێز ماونەتەوە.
كاتێك باس لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بوونی هێزی پاراسەربازی كە لەژێر فەرمان و ڕێنماییەكانی ئێراندا بن، مەترسییەكی یەكجار گەورەترە وەك لەوەی ئەم هێزانە بێچەك بكرێن یان لەناو دامەزراوە سەربازییە نیشتمانییەكاندا هەرس بكرێن. هەربۆیە پڕۆسەی بێچەككردن و هەڵوەشاندنەوەی هەندێك توخم و تێكەڵكردنی هەندێكی تریان لەناو سوپایەكی نیزامیی یەكگرتوودا، پێویستییەكی هەنووكەیی و چارەنووسسازە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی تێكشكاندنی ئەو ئامرازە كاریگەرەی كە ئێران بۆ جێبەجێكردنی مەرامەكانی بەكاریان دەهێنێت.
