جامی کوردستانی گەورە: کاتێک تۆپی پێ سنوورە دەستکردەکان تێدەپەڕێنێت
جامی کوردستانی گەورە: کاتێک تۆپی پێ سنوورە دەستکردەکان تێدەپەڕێنێت
فەرحان جبرائیل عەلی
کاتێک سەیری کۆڕبەند و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکەین، بەتایبەت جامی کەنداو (خليجي) کە چۆن وڵاتانی ناوچەکەی لەژێر یەک ئاڵا و یەک گیانی برایەتیدا کۆکردەوە، مرۆڤ بێوچان بیر لە ماڵی خۆی دەکاتەوە.
پرسیارێک مێشک داگیر دەکات: بۆچی پارچەکانی کوردستان نەتوانن لەژێر یەک تۆپ و لەناو یەک یاریگادا کۆببنەوە؟
مێژوو ستەمێکی زۆر گەورەی لە گەلی کورد کردووە؛ بەهۆی ڕێککەوتننامە و نەخشە دەستکردەکانەوە (وەک سایکس-پیکۆ)، جوگرافیای نیشتمانەکەمان دابەش کراوە بۆ چوار پارچە، و سنووری دەستکردیان لە نێوان دڵ و دەمارەکانی ئەم گەلەدا کێشا.
بەڵام ئەوەی کە نەبوونەتە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ تا ئێستا، مانای ئەوە نییە کە ڕۆح و ناسنامە و خەونی ئەم نەتەوەیە دابەش بوبێت. لێرەوە، بیرۆکەی "جامی کوردستانی گەورە" وەک پەیامێکی زیندوو لە دایک دەبێت.
وەرزش؛ ئەو پردەی کە سنوورەکان دەسڕێتەوە
تۆپی پێ تەنها یارییەک نییە، بەڵکو زمانێکی جیهانییە و خاوەن هێزێکی سەرسوڕهێنەرە لە نزیککردنەوەی مرۆڤەکان. ئەگەر سیاسەت و رێگرییە جوگرافییەکان نەتوانن دەرگا بە ڕووی یەکگرتندا بکەنەوە، بێگومان وەرزش دەتوانێت ئەم دەرگایانە بشکێنێت. "جامی کوردستانی گەورە" دەبێتە فێستیڤاڵێکی ساڵانەی گەورە، کە تێیدا:
یاریزانانی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لەسەر یەک سەوزایی و بە درێسی نیشتمانییەوە کۆدەبنەوە.
هاندەران لە هەموو گۆشەیەکی جیهانەوە چاویان لەسەر شاشەکان دەبێت و درووشمی یەکڕیزی بەرز دەکەنەوە.
ئەم جامە دەبێتە بەڵگەیەکی زیندوو بۆ جیهان کە دەڵێت: "کوردستان تەنها یەک پارچە نییە، بەڵکو چوار پارچەیە، و ئەم گەلە لە مێژوودا غەدری لێکراوە، بەڵام قەت نەمردووە."
ئەرکی سەرشانی ئێمە چییە؟
ئەمە تەنها خەونێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە پڕۆژەیەکی مەزنی نیشتمانی و وەرزشی. داوا لە یەکێتییە وەرزشییەکان، یانەکان، وەرزشوانان، و نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم کە ئەم بیرۆکەیە بە جدی وەربگرن. با یاریگاکانی کوردستان ببنە مەیدانی گەیاندنی دەنگی خاوەن مافی ئەم نەتەوەیە بە هەموو جیهان.
با جارێکی تر بسەلمێنین کە مێژوو و سنوورەکان دەتوانن نەخشەیەک دابەش بکەن، بەڵام لێدانی دڵی میللەتێک بوەستێنن و جیایان بکەنەوە.
