هونەرمەندی شێوەكار هەوار مەزهەر بۆ گوڵان:بازاڕی هونەر لە كوردستان هەیە و لە گەشەكردندایە

هونەرمەندی شێوەكار هەوار مەزهەر بۆ گوڵان:بازاڕی هونەر لە كوردستان هەیە و لە گەشەكردندایە

هەوار مەزهەر هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردە، کە بە بەرهەمە هونەرییەکانی و بەشدارییە بەردەوامەکانی لە بوارەکانی نیگارکێشان و چالاکییە هونەرییەکاندا ناسراوە. ئەو لە ماوەی چالاکییە هونەرییەکەیدا چەندین پێشانگای تاکەکەسی بەڕێوە بردووە.

لەدایکبووی شاری هەولێرە و پزیشک و شێوەکارە. دوای ساڵانێک تەرخانکردنی کات و تواناکانی بۆ بواری پزیشکی، لە ساڵی ٢٠١٦دا گەڕایەوە سەر شێوەکاری و لە ڕێگەی خۆپێگەیاندن و تێڕامانەوە، پەرەی بە بەهرە و تواناکانی هونەریی خۆی دا.

سروشت، کەلتوور و خەڵکی کوردستان سەرچاوەی ئیلهامبەخشن بۆ کارەکانی؛ کارەکانی ڕێز لە یادەوەری، شوێن و هەستی ئینتیما دەگرن. ئەو لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕووناکی، تەم و ڕەنگەوە، هۆنراوەیەکی شێوەکاری دەخولقێنێت کە ڕێز لە ژیانی ڕۆژانە دەگرێت و جوانیی کەلەپووری کوردی دەپارێزێت.

هونەرمەندی شێوەكار هەوار مەزهەر بۆ گوڵان:بازاڕی هونەر لە كوردستان هەیە و لە گەشەكردندایە

یەکێک لە نوێترین چالاکییەکانی، پێشانگای تاکەکەسیی «یادەوەرییەکانی تیشک و تەم» بوو، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٦ لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو. لەم پێشانگایەدا کۆمەڵێک لە بەرهەمە نوێ و سەرنجڕاکێشەکانی خۆی پیشان دا و بە شێوەیەکی تایبەت، هەست و بینینی هونەریی خۆی لە ڕێگەی ڕەنگ، تیشک و تەمەوە وێنا کرد.

بە مەبەستی ناساندنی زیاتر بە ژیانی هونەری، ئەزموون و دیدگای ئەم خانمە هونەرمەندە، هەروەها بۆ زانینی بیرۆکە و سەرچاوەکانی ئیلهام لە بەرهەمەکانی، لەم دەرفەتەدا چەند پرسیارێکمان ئاراستەی خاتوو هەوار مەزهەر کرد.

*خۆت لە كام قوتابخانەی هونەری شێوەكاری نزیكتر دەبینیت؟

-شێوازی كارەكانم زیاتر لە چوارچێوەی ڕیالیزمدایە، بەڵام لەو بەشانەی تابلۆكە كە خاڵی سەرنج نین، زۆرجار شێوازی فڵچەلێدانی ئیمپرێسیۆنیستی بەكار دەهێنم. بەم شێوەیە سەرنجی بینەر بەرەو بەشی سەرەكی تابلۆكە ڕادەكێشم.

هونەرمەندی شێوەكار هەوار مەزهەر بۆ گوڵان:بازاڕی هونەر لە كوردستان هەیە و لە گەشەكردندایە

*كارە هونەرییەكانت لە سرووشت نزیكن. سرووشت بۆ تۆ وەك هونەرمەند چییە، ئایا سرووشتی كوردستان، بە شاخ و دۆڵ و ڕەنگە جیاوازەكانییەوە سەرچاوەی وەرگرتنی بیرۆكە و ئیلهامە بۆ بەرهەمە هونەرییەكانت؟

-سرووشت بۆ من سەرچاوەی سەرەكیی ئیلهامە. سرووشتی كوردستان، بە شاخ و دۆڵ و ڕەنگ و ڕووناكییە جیاوازەكانییەوە، بەردەوام بیرۆكە و هەستێكی نوێم پێ دەبەخشێت بۆ كارە هونەرییەكانم.

*تا چەند هونەری وێنەكێشان دەتوانێت كاریگەریی لەسەر كۆمەڵگە دابنێت و شێوازی بینینی خەڵك بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان، ژینگە و ناسنامە بگۆڕێت، ئایا پێت وایە هونەرمەند لەگەڵ بەرپرسیارێتیی هونەری، بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیشی هەیە؟

-پێم وایە هونەر زمانێكی بەهێزە و دەتوانێت بێ وشە پەیام بگەیەنێت و سەرنجی خەڵك بۆ بابەتێك ڕابكێشێت، هونەرمەند بە هەڵبژاردنی بابەتەكانی خۆی، دەتوانێت هۆشیاری لەبارەی ژینگە، ناسنامە و كێشە كۆمەڵایەتییەكان دروست بكات، بۆیە پێم وایە هونەرمەند بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتیشی هەیە، بەڵام بە شێوازی خۆی و لە ڕێگەی هونەرەكەیەوە.

هونەرمەندی شێوەكار هەوار مەزهەر بۆ گوڵان:بازاڕی هونەر لە كوردستان هەیە و لە گەشەكردندایە

*بۆچوونی كۆمەڵگەی كوردستان لەبارەی هونەری شێوەكاری و وێنەكێشان لە ئەمڕۆدا چۆن دەبینیت، ئایا پێت وایە ئەو شوێنە و گرنگییەی شایستەیەتی، لە كۆمەڵگەدا هەیە؟

-پێم وایە لەم ساڵانەی دواییدا سەرنج و پشتیوانی بۆ هونەر لە كۆمەڵگەی كوردستاندا زیاتر بووە و خەڵك زیاتر گرنگی بە كاری هونەری دەدەن، ئەمەش شتێكی دڵخۆشكەرە، بەڵام پێم وایە هێشتا هونەر پێویستی بە پشتیوانی و بوار و دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو شوێن و گرنگییەی شایستەیەتی لە كۆمەڵگەدا بەدەست بهێنێت.

*لە ماوەی ژیانی هونەریی خۆتدا تا ئێستا چەند تابلۆ یان بەرهەمی هونەریت فرۆشتووە و، فرۆشتنی بەرهەمێكی هونەری بۆ تۆ تەنیا سەركەوتنێكی ماددییە، یان بەڵگەیەكە بۆ دداننان بە نرخ و بەهای ئەزموونە هونەرییەكەتدا؟

-بە دڵنیاییەوە هەندێك لە تابلۆكانم بە نرخێكی بەرز فرۆشراون، بەڵام حەز دەكەم وردەكاریی نرخەكان لە نێوان خۆم و كڕیارەكانمدا بمێنێتەوە. بۆ من بەهای تابلۆ تەنیا بە نرخەكەی ناپێورێت؛ هەر كارێك چیرۆك و تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە، بابەت، قەبارە، وردەكاری، كات و هەوڵ و ئەزموونی هونەرمەند هەموویان لە بەهای كارەكەدا ڕۆڵیان هەیە.

هونەرمەندی شێوەكار هەوار مەزهەر بۆ گوڵان:بازاڕی هونەر لە كوردستان هەیە و لە گەشەكردندایە

*بازاڕی هونەری وێنەكێشان و هونەری پلاستیكی لە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت، ئەی گرنگترین ئەو بەربەستانە چین كە هونەرمەندان لە گەیشتن بە بینەر، كۆكەرەوەكانی بەرهەمە هونەرییەكان و ئەو كەسانەی حەزیان بە كڕینی تابلۆ و بەرهەمی هونەری هەیە، ڕووبەڕووی دەبنەوە؟

-پێم وایە بازاڕی هونەر لە كوردستان هەیە و لە گەشەكردندایە، بەڵام یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكان نەبوونی پەیوەندیی بەهێز و ڕێكخراوە لە نێوان هونەرمەند، گەلەری، كۆكەرەوە و كڕیاردا. زۆرجار هونەرمەند كارێكی باشی هەیە، بەڵام گەیشتن بە بینەر و كڕیاری گونجاو ئاسان نییە. پێویستە پێشانگا، گەلەری و پلاتفۆرمی زیاتر هەبن كە بتوانن ئەم پەیوەندییە دروست بكەن.

*ئەگەر داوات لێ بكرێت تەنیا یەكێك لە بەرهەمەكانت هەڵبژێریت كە كەسایەتی، ئەزموونی هونەری و پەیوەندیت بە سرووشت باشترین شێوە دەرببڕێت، كام تابلۆ هەڵدەبژێریت، ئەی چیرۆك یان پەیامی پشت ئەو بەرهەمە چییە؟

-ئەگەر یەك تابلۆ هەڵبژێرم، «شوانە لە ڕێگادا» هەڵدەبژێرم، چونكە یەكێكە لە نزیكترین كارەكانم لە دڵمەوە. لەم تابلۆیەدا هەوڵم داوە لە ڕێگەی شوانێكی سادە و سرووشتی تەمگرتووی كوردستانەوە، شكۆ و پیرۆزیی كار و ماندووبوونی مرۆڤی سادە پیشان بدەم.

بۆ من ئەم كەسانە بەشێكن لە ڕۆح و یادەوەریی خاكەكەمان، و ژیان و كاری ڕۆژانەیان جوانی و بەهایەكی تایبەتی هەیە كە شایستەی ئەوەیە لە هونەردا بپارێزرێت.

Top