خانمە هونەرمەندی باكووری كوردستان هەڤدا كۆچ بۆ گوڵان:هونەر و مۆسیقا دەتوانن لە یەك كاتدا دەنگی شادی و ژیان، بەرخودان و خەبات، هیوا و مانەوە بن
لە باكووری كوردستان، مۆسیقای كوردی لە ژینگەیەكی تایبەتی كەلتووری و كۆمەڵایەتیدا گەشەی كردووە؛ ژینگەیەك كە تێیدا هونەر، لەگەڵ ئەوەی بوارێكە بۆ داهێنان و خۆدەربڕین، زۆرجار بووەتە ئامرازێك بۆ پاراستنی زمان و ناسنامە.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گوڵان خانمە هونەرمەندی باكوور، هەڤدا كۆچ لە دەستپێكی ڕێگەی هونەرییەوە تا دیدگای ئەمڕۆیی، لەسەر مۆسیقا و ناسنامە، ڕۆڵی ئافرەت لە هونەر، دۆخی مۆسیقای كوردی، كاریگەریی میدیای كۆمەڵایەتی و پەیامی هونەر بۆ نەوەی نوێ باس دەكات، هەروەها باس لە پەیوەندیی نێوان هونەر و خەبات، گرنگیی پاراستنی زمانی كوردی، هەوڵەكانی بۆ نوێكردنەوەی بەرهەمەكانی و پڕۆژە هونەرییەكانی داهاتوو دەكات.
*دەستپێكتان لە جیهانی هونەر لە باكووری كوردستان چۆن بوو؟ ئایا ساتێكی تایبەت هەبوو كە هەستتان كرد هونەر ناسنامە و پیشەی ئێوەیە، نەك تەنیا توانایەكی سرووشتی؟
-لە سەردەمی منداڵییەوە، دەنگبێژی كاریگەرییەكی زۆری لەسەر من و خێزانەكەم هەبوو، پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی ئەو كۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیاین لەگەڵ مۆسیقا بەهێز بوو، دوای ئەوەی لە منداڵییەوە كۆچمان كرد بۆ ئیستانبوڵ، لایەنی كەلتووریی من زیاتر خۆی نیشان دا و لەگەڵ ئەو ناكۆكی و كێشانەی هەبوو، پاراستنی زمان و كەلتووری خۆمان بۆ ئێمە گرنگتر و پێویستتر بوو. مۆسیقا ڕێگەیەكی زۆر كاریگەر بوو بۆ پاراستن و بەردەوامكردنی بەها كۆمەڵایەتییەكانمان، لەسەر بنەمای ئەو هەستانە، هەوڵم دا ناسنامەیەكی هونەری بۆ خۆم دروست بكەم.
*لە نێوان هونەرمەندانی كورددا، كام هونەرمەند زۆرترین كاریگەریی لەسەر ئێوە هەبووە، بەرهەمەكانی ئەوان چۆن كاریگەرییان لەسەر دروستكردنی دیدگای هونەریی ئێوە داناوە؟
-ئەو كەسانەی كاریگەرییان لەسەر من هەبووە، ئەو هونەرمەندانەن كە هونەر و ناسنامەی كوردییان بەیەكەوە گرێ داوە و هونەریان كردووەتە ئامرازێك بۆ پاراستنی زمان و كەلتوور و دەربڕینی هەستە كۆمەڵایەتییەكان.
*وەك هونەرمەندێكی ئەم ناوچەیە، دۆخی جووڵانەوەی هونەریی ئەمڕۆ لە باكووری كوردستان چۆن دەبینن، لە ساڵانی دواییدا بەرچاوترین گۆڕانكارییەكان لە بواری هونەردا چی بوون؟
-لە باكووری كوردستان دەرفەتەكانی پەرەپێدانی كاری هونەری زۆر سنووردارن، هەر كەسێك بەپێی دەرفەتەكانی خۆی هەوڵ دەدات مۆسیقای خۆی پێش بخات، بەداخەوە، دەرفەتەكانی مۆسیقای كوردی زۆر لاوازن و ناتوانین بڵێین بازاڕێكی بەهێز هەیە كە هونەرمەند بتوانێت ژیانی هونەریی خۆی لەسەر بنیات بنێت. بە بڕوای من، هەر هەوڵ و ماندووبوونێك كە بۆ مۆسیقای كوردی دەدرێت، زۆر بەنرخە، جووڵانەوەی هونەر هێشتا لەو ئاستەدا نییە كە بتوانین بڵێین زۆر پێشكەوتوو و بەرهەمدارە، بەڵام هونەرمەندان بەردەوام هەوڵ دەدەن ئەم بوارە پەرەپێ بدەن.
*بوونی ئافرەتانی كورد لە بواری هونەریی ئەمڕۆدا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئایا ئافرەت توانیویەتی شوێن و پێگەی خۆی لە بواری هونەردا بسەپێنێت و لە ڕۆڵە كلاسیكییەكانی پێشوو دەرچێت؟
-لە بواری هونەردا ژمارەی هونەرمەندانی ئافرەت لە هەر كاتێكی پێشوو زیاتر بووە، تەنانەت دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ ژمارەی ئافرەتان لە بواری هونەردا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە، تەنیا هەر ئەوە نییە، بەڵكو توانای داهێنان و بەرهەمهێنانی ئافرەتانیش زۆر دەوڵەمەندتر بووە.
*لەگەڵ هەموو ئەو سەركەوتنانەدا، هێشتا بەربەست هەن، گەورەترین بەربەستە كۆمەڵایەتی، كەلتووری یان سیاسییەكان كە لەبەردەم ژنی كورد لە بواری هونەردا دەبنە ڕێگر، چین؟
-پێم وایە گەورەترین بەربەست ئەوەیە كە ئافرەت خۆی بە سیستمی پیاوان بسپێرێت. پێویستە ئافرەت بە شێوەیەكی سەربەخۆ بیر بكاتەوە و هەست بە سەربەخۆیی بكات، ئەوكاتە داهێنان و بەرهەمی ئافرەت دەتوانێت كاریگەرییەكی زۆر ئەرێنی لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، ئافرەت لە هەمان كاتدا سەرچاوەیەكی بەهێزە بۆ پاراستنی زمان و كەلتوور، بۆیە دەوترێت «زمانی دایك». ڕۆڵی ئافرەت لە دروستكردن و پاراستنی بەهاكانی ئاشتی زۆر كاریگەرە.
*زمان بنەمای ناسنامەیە. بە بڕوای ئێوە، هونەر گۆرانی بێت، چ شانۆ یان هونەرە بینراوەكان، چ ڕۆڵێك لە پاراستنی زمانی كوردی و بڵاوكردنەوەی لە نێوان نەوە نوێیەكاندا دەبینێت؟
-بە بڕوای من، مۆسیقای كوردی باری پاراستنی زمانی كوردی بە شێوەیەكی زۆر لەسەر شانی خۆی هەڵگرتووە، بە گۆرانی و سترانەكانەوە زمان پارێزراوە و جوانكاری كراوە، لە كۆمەڵگە بندەستەكاندا كە مێژووی نووسراویان لاواز بووە، گۆرانی و چیرۆكەكان بوونەتە هۆی پاراستنی بوونی ئەو كۆمەڵگەیە. بۆیە تێكست و گۆرانییە كوردییەكان بۆ ئێمە واتای بوون و مانەوەمان هەیە.
مەحەمەد ئۆزۆن لە كتێبەكەیدا وتەیەكی فەقێی تەیران دەهێنێتەوە كە ڕاستییەكی گرنگی سەبارەت بە زمان دەنووسێت:
زمان دایكە، ئەویندارە
نیشتمان باوكە، حوكم ناوە
بێ نیشتمان، مرۆڤی بێ دایك و باوكە.
*لە سەردەمی دیجیتاڵدا، چۆن لەگەڵ میدیای كۆمەڵایەتی مامەڵە دەكەن، ئایا میدیای كۆمەڵایەتی وەك ئامرازێك یارمەتیی هونەرمەندی كوردیی داوە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەكان، یان بووەتە هۆی بێماناكردن و پووچكردنەوەی هونەر؟
-بە بڕوای من، ئەگەر شێوازی بەكارهێنانی میدیای كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی دروست نەبێت، دەتوانێت بواری هونەر پووچەڵ بكاتەوە و ڕێگری لە پێشكەوتنی كەسانی خاوەن توانای هونەری بكات، بەڵام ئەگەر ئەو ناوەڕۆكەی كە بڵاو بكرێتەوە خاوەن بەها بێت، میدیای كۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوكردنەوەی بەها جوان و بەنرخەكان.
میدیای كۆمەڵایەتی دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ناساندنی خۆت، لە لایەكەوە كۆمەڵێك شت لەسەر یەك كۆ دەكاتەوە، بەڵام لە لایەكی تریشەوە دەرگایەكی نوێ بۆ دەركەوتن و دۆزینەوەی دەرفەتە نوێكان دەكاتەوە.
*هونەر لە باكووری كوردستاندا زۆرجار ڕووخسارێكی خەباتگێڕانە و مرۆڤایەتی هەیە، ئێوە لە بەرهەمەكانتاندا چۆن هاوسەنگی لە نێوان جوانیی هونەری و پەیامی پەیوەندیدار بە كەلتوور و داواكارییەكانی گەلەكەتان دروست دەكەن؟
-لەو جیهانەی من تێیدا لەدایك بووم، كورد لە ناو خەبات و تێكۆشاندا بوو، نەوەی ئێمە ڕۆحی خەباتی لەگەڵ ژیانی خۆیدا تێكەڵ كردبوو، بۆیە هەم ڕۆحی ژیانی ڕۆژانە و هەم ڕۆحی گەڕان بەدوای داهێنانی هونەر، لەگەڵ ڕۆحی خەباتدا یەك بوون.
لە گۆرانییەكدا دڵخۆشی و سەما و شادی دەبینرێت، لە گۆرانییەكیتردا بەرخودان و تێكۆشان خۆی دەردەخات، بەو شێوەیە هونەر و خەبات لە ناو یەكدا بوونەتە یەك كەسایەتی.
*خۆشەویستان و شوێنكەوتووانی هونەرەكەتان لە چاوەڕوانی هەواڵی نوێدان. ئایا دەتوانن كەمێك باس لە پڕۆژە هونەرییەكانی داهاتووتان بكەن، ئایا شێوازێكی نوێ یان تاقیكردنەوەیەكی جیاواز لە ڕێگادایە؟
-هەوڵ دەدەم ڕێگەیەكی جێگیر و بەردەوام بۆ خۆم دروست بكەم، هەمیشە هەوڵ دەدەم خۆم نوێ بكەمەوە و لەگەڵ كاتدا بڕۆم.
لەم ڕۆژانەدا دەچینە ستۆدیۆ، هەوڵی من ئەوەیە هەمیشە بە ڕەنگ و شێوازی دەوڵەمەند، هونەرەكەم بڕازێنمەوە و بەرهەمی نوێ پێشكەش بكەم.
*پەیامتان بۆ ئەو كچانەی كوردی بەهرەدارن لە باكووری كوردستان، كە بەهۆی بارودۆخی دەوروبەرەكەیان دەترسن یان دوودڵن لەوەی بچنە ناو جیهانی هونەر، چییە؟
-پەیامەكەم ئەوەیە: ترس نابێت ببێتە بەربەست لەبەردەم بەهرە و خەونەكان؛ چونكە كاتێك ئافرەت دەنگی خۆی دەدۆزێتەوە، هونەر دەتوانێت ئەو دەنگە بگەیەنێتە دوورترین شوێنەكان. پشتیوانی لە بەها كۆمەڵایەتییەكانتان و بەهاكانی ژن بكەن، مەترسن، لە ژیانتاندا هەرگیز هیوا لەدەست مەدەن.
ڕۆحی كوردیی خۆتان خۆش بوێ و گوێ لە دەنگ و ڕۆحی ژن بگرن، هونەر تەنیا پیشەیەك نییە، بەڵكوو ڕێگایەكە بۆ ناسینەوەی خۆ، پاراستنی زمان و كەلتوور و گواستنەوەی هەست و یادەوەرییەكان بۆ نەوەكانی داهاتوو. لە دیدگەی ئەوەوە، هونەر و مۆسیقا دەتوانن لە یەك كاتدا دەنگی شادی و ژیان، بەرخودان و خەبات، هیوا و مانەوە بن.
