حەسەن عەلی ئۆمەربلی: لە ناو ماڵەكەم هەشت كەسم ئەنفالكراون، تا ئەمڕۆش چاوەڕوانی گەڕانەوەیانم

حەسەن عەلی ئۆمەربلی:  لە ناو ماڵەكەم هەشت كەسم ئەنفالكراون، تا ئەمڕۆش چاوەڕوانی گەڕانەوەیانم

 

 

لەنێوان ساڵانی 1983 تا 1988 ڕژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی دژ بە كوردستانیان بەڕێوەبرد، لە ئەنفالكردنی بارزانییەكان زنجیرە تاوانەكانی ئەنفال دەستیپێكرد و لە ئەنفالی بادینان كۆتایی بەو زنجیرە تاوانكارییە هێنرا. بەو هۆیەوە 182 هەزار كەس كۆمەڵكوژكران، هەروەها 16هەزار و 420 كەسی دیكەش دەستگیركراون و بێسەروشوێنكراون، كە زۆرینەیان لە دەڤەری گەرمیان بوون. حەسەن عەلی ئۆمەربلی كە تاقانەی ئەنفالە و ئەندامانی خێزانەكەی بەر شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان كەوتوون، لەم ڕوانگەیەوە مەرگەساتی ئەنفالی ناوچەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«بەدرێژایی مێژووی درووستبوونی عێراق، خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین هەڵمەتی لەناوبردن و قڕكردن بوونەتەوە، هێشتا چارەنووسی بەشێكی زۆری ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەو شاڵاوی قڕكردنانە بوونەتەوە هەر نادیارە.

لە سێیەم رۆژی شاڵاوی ئەنفالی سێی ناوچەی گەرمیان لە 9 ی مانگی نیسان كە ڕۆژی شەممە بوو بەیانییەكی زوو دوای بانگی بەیانی گوندەكەمان گوندی ئۆمەربل كەوتە بەر تۆپباران و بۆردومان، ئێمەی دانیشتووانی ئەو گوندە كەوتینە ژێر بەزەیی بەعسییەكان، دانیشتووانی گوندەكە ئاوارە بوون، تەفر و تەنا بوون بە ئاواییەكانی ناوچەكەدا بڵاوبوونەوە و بە چەند ڕۆژ و بە چەند قۆناغ بەشێكی بەرەو ئاراستەی خوورماتوو، بەشێكی زیاتریش بە ئاراستەی كەلار ئاوارە بوون.

لە ئەنجامی ئەو شەڕە دوای چەند ڕۆژێك خەڵكەكە دەستگیر كران لە دوای شاڵاوی ئەنفالی سێی ناوچەی گەرمیان گوندی ئۆمەربل بووە خاوەن ٢٥٤ شەهیدی ئەنفالكراو و ١٤٢ كەسی گەڕاوەی كونجی زیندانەكانی نەگریسی نوگرەسەلمان و تۆبزاوە.

لە دەرەنجامی شاڵاوەكانی ئەنفال توێژێك جێمان بە ناوی تاقانەكانی ئەنفال منیش یەكێكم لە تاقانەكانی ئەنفال نەنكم دایكی باوكم گەڕاوەی نوگرەسەلمان بوو، چوار خوشك و برایەكم بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون، لەگەڵ دایكم و باوەژنەكەم، 121 كەس لە ئەنفالكراوانی گوندی ئۆمەربل كەسوكاری منن و لە ناو ماڵەكەم هەشت كەسم ئەنفالكراون، تا ئەمڕۆش چاوەڕوانی گەڕانەوەیانین هەر هەواڵێكی دۆزینەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ بۆ ئێمە ئەنفالێكە».

ئەو تاقانەیەی ئەنفال لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: « گوندی ئۆمەربلی گەرمیان كە لەناوجەرگەی گەرمیانە، مێژوویەكی زۆر دێرینی هەیە، دەتوانین هەر گۆڕستانەكانی بكەینە پێوەری قوربانیدان و خۆڕاگری، گوندی ئۆمەربل پێش شاڵاوی ئەنفال147 ماڵ بووە، ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیژی بوو لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو تاوەكو ساڵی هەشتاكان بارەگای شۆڕشی لێ بووە، ناوچەكەی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاو و كانیاوەكان.

ئەو كارەساتەی تێیدا دەیان هەزار ئافرەت، منداڵ و بەساڵاچوو لە بیابانە وشكەكانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵ كران، لەگەڵ ئەو هەڵمەتە قێزەونەی ڕژێمی لەناوچووی عێراق، هەزاران گوند خاپوور كران و زۆرێك لە ناوچەكانی كوردستان كیمیاباران كران و خەڵكەكەی بە زۆرەملێ ڕاگوێزران.

پرۆسەی ئەنفال بە 8 قۆناغی جیاواز ئەنجام درا، لە ساڵی 1986 دەستی پێ كرد و تا ساڵی 1989 بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا زیاتر لە 180 هەزار كوردی بێتاوان، بەبێ جیاوازی ڕەگەز و تەمەن، بێسەروشوێن و كۆمەڵكوژ كران.

قۆناغی سێیەمی ئەنفال كە لە 7ـی نیسان تا وەكو 20ی نیسانی 1988 ناوچەكانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای كەركووك و سنووری شارەكانی خوورماتوو، كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێكی دیكەشی گرتەوە، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی كە گرتییەوە و زۆریی قوربانی لە قۆناغەكانی تر جیاكراوەتەوە، لەو شاڵاوەدا، ڕژێمی بەعس هەرچی گوند و ئاوەدانی هەبوو لە گەرمیان خاپووری كردن و دەستی لە پیرۆزییەكانیش نەپاراست، مزگەوتەكانی تەقاندەوە و تەنانەت كانیاوەكانیشی بە سەب و چیمەنتۆ پڕكردەوە. جگە لە بێسەروشوێنكردنی دانیشتووانەكەی، سوپای بەعس هەرچی پارە، مەڕوماڵات و ئامێری كشتوكاڵی گەرمیانییەكان هەبوو، هەمووی بە تاڵان برد و هیچ ئومێدێكی ژیانی لە ناوچەكەدا نەهێشتەوە.»

حەسەن عەلی ئۆمەربلی سەبارەت بە چارەنووسی نادیاری دەستگیراوانی ئەو شاڵاوە دەڵێت: «ئەو كەسانەی لەو كاتەدا دەستگیركران و بردرانە گرتووخانەكان، بەشی زۆریان ڕەوانەی نوگرەسەلمان كران، لەوێدا بەشێكیان زیندەبەچاڵ كران و بەشێكی زۆریشیان بەهۆی برسییەتی، تینوویەتی و ئازار و ئەشكەنجەوە گیانیان سپارد، تاوەكو ئێستا تەنیا بەشێك لە ڕووفاتەكان گەڕێندراوەنەتەوە لە كاتێكدا هەزاران جەستەی دیكە لە ژێر ئەم خاكە داپۆشراون، هەرچەندە هەوڵێكی چڕ و پڕ، جددی لەلایەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هێنانەوەی تەواوی ڕووفاتەكان لە ئارادایە، بەڵام كەمتەرخەمی لە حكومەتی ناوەند هەیە و تەنانەت ئەو حكومەتە بەپێی پێویست قەرەبووی ئەنفالكراوان و كەسوكاری ئەنفالكراوانیشی نەكردۆتەوە».

 

Top