شۆڕشی ئەیلوولی مەزن شۆڕشی چەکداری و قوتابخانەی نەتەوەیی ...
شۆڕشی ئەیلوولی شۆڕشی نەتەوەیی مەزن بە ڕابەرایەتیی و سەرکردایەتی کردنی جەنەراڵ مەلا مصطفی بارزانی دەستی پێکرد ، تەنیا ڕاپەڕینێکی چەکداری نەبوو لە دژی زوڵم و چەوسانەوە داگیرکاری ، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوویی و نەتەوەیی و وەرچەرخانی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد بوو ، لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا ، ئەم شۆڕشە بناغەی شوناسی نەتەوەیی نوێی داڕشت و کوردایەتی لە هەستێکی ناوچەییەوە گۆڕی بۆ بیروباوەڕێکی سەرتاسەری و ڕێکخراو و دامەزراو .
* ئەیلوول قوتابخانە و زانکۆی کوردایەتی
شۆڕشی ئەیلوول تەنیا سەنگەری بڕنە و کەرەستە سەربازییەکان و جەنگ نەبوو ، بەڵکو خوێندنگە و زانکۆیەک بوو بۆ پەروەردەکردن و ئیلهام بەخشی نەتەوەیی و نیشتمانی . لە سەردەمێکدا کە هەوڵی سڕینەوەی زمانی کوردی و کولتووری کوردی تواندنەوەوەمان دەدرا ، ئەیلوول بووە قوتابخانەو زانست و
یەکخستنی ڕێزەکان بە ئامادەیی زانستگەر و کەسایەتی ڕووناکبیر و مامۆستایانی ئاینی و کەسایەتیە گرنگەکان و چین و توێژە جیاوازەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی لە دەوری ئامانجێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کۆکردەوە .
* فێربوونی وەفاداری بەهۆی ئەم شۆڕشەوە، چەمکی نیشتمانپەروەری گەشەی کرد و فێری نەوەی نوێ کرا کە ڕەنج و قوربانیدان بۆ خاک سەرەتای سەربەستی و ڕزگارییە.
* ئەخلاق و ڕەوشتبەرزی لە فەلسەفەی شۆڕشدا
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ، پابەندبوونی بوو بە بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی و ئیتیکی بەرزەوە کە بارزانیی نەمر پێداگیریی لەسەر دەکرد و چەسپاو بوو .
لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون و ڕێزگرتن لە دیل و مرۆڤایەتی بارزانیی نەمر هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە شەڕی کورد لە دژی جەماوەری عێراق یان سەربازانی سادە نیە ، بەڵکو لە دژی ڕژێمە چەوسێنەرەکانە ، سەربازانی دیلکراوی عێراقی بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و ئازاد دەکران.
* ڕەوشتبەرزی پێشمەرگە.
پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول مەزن نموونەی دەستپاکی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ڕەوشتبەرزی بوو ، لە ناوچە ئازادکراوەکاندا.
پشتیوانیی مامۆستایانی ئاینی خاون علیم عیرفان و یەکێتیی کۆمەڵایەتی
ڕۆڵی زانا و مامۆستایانی ئاینی لە شۆڕشی ئەیلوولدا تەوەرێکی سەرەکی بوو
فەتوا و پاڵپشتی مەعنەوی مامۆستایانی ئاینی کوردستان بە دەنگێکی زوڵاڵەوە پشتیوانیی شۆڕشیان کرد و خەباتی ڕەوای گەلی کوردیان بە ئەرکێکی ئاینی و نیشتمانی و ئەخلاقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم ستەم دەزانى ،
هاوبەشی لە خەباتدا زۆرێک لە مامۆستایانی ئاینی نەک هەر سەنگەری فکری بەڵکو خۆشیان بوونە بەشێک لە شۆڕش و پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکان و ڕابەرایەتیی جەماوەریان دەکرد ، ئەمەش هۆکارێک بوو کە شۆڕشەکە لەناو جەماوەردا ڕەگوڕیشەی قووڵتر دابکوتێت .
* بارزانی وەک سەرۆکی ڕۆحی .
شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، ڕێبازێکی بەهێزی نیشتمانی و ڕەوشتیی بەجێهێشت کە تا ئێستاش ئیلهامبەخشی خەباتی سەربەخۆیی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بارزانیی نەمر توانى لە ڕێگەی ئەم شۆڕشەوە ڕۆح بە بەری کوردایەتی و تاک بە تاکی کورددا بکات و بڕوا بەخۆبوون لای تاکى کورد دروست بکات و پرسی کورد لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بچەسپێنێت.

ئازاد حەمەئەمین کریم