(شۆڕشی مەزنی ئەیلوول؛ ڕەسەنایەتیی مێژوو و ئەركی ئەمڕۆمان)
(*)
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول (١٩٦١ - ١٩٧٥) بە سەرکردایەتیی ڕابەری نەتەوەیی کورد مەلا مەستەفا بارزانی، وەچەرخانێکی مێژوویی و وێستگەیەکی مەزن بوو لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا. ئەم شۆڕشە بێ ئامادەکاری نەهاتە کایەوە، بەڵکو درێژەی ڕێچکەی هۆشیار و لێهاتووی قوتابخانەی نەتەوەیی بارزان بوو لە بزووتنەوەکانی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانییەوە تا دەگاتە شۆڕشەکانی یەکەم و دووەمی بارزان کە هەموویان پێکەوە بوونە بناغەیەکی زۆر پتەو و سەرچاوەیەکی گەورە بۆ پێگەیاندنی ئیرادەی بەرگری، خۆڕاگری و تێکۆشانی بێ پچڕان لە پێناو نیشتماندا. تا ئەو کاتەی مەلا مەستەفا بارزانی لە ڕووسیاوە نەگەڕایەوە، کەس بوێری ئەوەی نەبوو شۆڕش هەڵگیرسێنێت بەرامبەر ئەو ستەم و زوڵمەی لە کوردیان دەکرد؛ چونکە تەنها ئەو سیمبولە مەزنە توانای کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی نەتەوەیی هەبوو، بەو پێیەی (مەلا مەستەفا بارزانی) وەکو سیمبولی یەکڕیزی، نەبەردی و شکووی نەتەوەیی، توانی لە سەردەمێکی پڕ لە سەختی و پیلانگێڕیدا بەرگرییەکی سەرتاسەری لە زاخۆوە تا خانەقین ڕێک بخات.
ئەم شۆڕشە مەزنە لە هەڵگیرساندن و بەڕێوەبردنیدا سوودێکی زۆری لە ئەزموونی تاڵ و شیرینی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە وەرگرت کە لەگەڵ (مەلا مەستەفا بارزانیدا) لەکۆماری کوردستان و لە ڕێڕەوی پەڕینەوەی مێژوویی رووباری ئاوی ئاراس بۆ ڕووسیا بەشداربوون، ئەوانەی لەو سەفەرە سەختەدا پۆلایینبوون و وانەی گەورەیان لە خۆڕاگری و دڵسۆزی فێربوون. شۆڕش پشتئەستوور بوو بەو کادیر و پێشمەرگە و گیانفیداییە جەماوەرییەی کوردستان و بارزانی لە هەموو قۆناغەکاندا هەرگیز مساوەمەی لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان نەکرد، بەتایبەت لەسەر کەرکووکی دڵی کوردستان.
عێراق ناچار بوو بۆ لێدان لە شۆڕش بەشێک لە خاکی خۆی بە ئێران بدات بۆ ئەوەی پیلانگێڕی دژی شۆڕش بکەن، بەڵام ئەم پیلانگێڕییە نەیتوانی ئیرادەی پێشمەرگە و شۆڕش ڕابگرێت؛ (سەرۆک مسعود بارزانی و کاک ادریس بارزانی) هەڤاڵانی سەرکردایەتیی پارتیمان لە ژێر ڕاسپاردەکانی (مەلا مەستەفا بارزانی) پیلانی دوژمنانیان لە گۆڕ نا و شۆڕشیان بە خوێنێکی تازه و پڕ لە گەرمی نەتەوایەتییەوە بووژاندەوە و هیوایەکی نوێیان بە گشت کوردستانیان بەخشی.
لە ڕووی دەستکەوتەکانیشەوە شۆڕشی ئەیلوول توانی فاکتەری مانەوەی نەتەوەیی کورد بسەلمێنێت؛ بە سەپاندنی دۆزی ڕەوای کورد لە گۆڕەپانی سیاسی و نێودەوڵەتیدا بەدەستهێنانی (بڕیاری ١١ی ئازاری ١٩٧٠) کە بۆ یەکەمجار دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و ئیدارییەکانی گەلی کوردستاندا نا، پاراستنی زمان، کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی لە مەترسیی لەناودەچوون و پێگەیاندنی نەتەوەیەکی هۆشیار لە پێشمەرگە و کادیری تێکۆشەر کە بوونە بناغەی سەرەکی بۆ داهاتووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد.
ئێمە کە لە سایەی ئەو خەبات و قوربانیدانە گەورەیدا دەژین، ئەركی پیرۆز و سەرشانی هەموو بەرپرس و بەڕێوەبەر و کادیرێکە کە لە هەر پلە و پۆستێکدا بن، بە هەستی بەرپرسیارێتیی تەواوی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن. پێویستە دامەزراوەکان و ئەوانەی بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە، تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ خزمەتکردنی شایستە و بەردەوامیی خاکی پیرۆزی کوردستان و بە هەموو تواناکانیانەوە خزمەتی دڵسۆزانەی بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدان و پێشمەرگەکان و تێکۆشەرانی سەختترین قۆناغەکانی شۆڕشی ئەیلوول بکەن. پێویستە ئەوان و خانەوادەکانیان هەمیشە سەریان بەرز بێت و بە گەورەترین شانازیشەوە سەربەرزیی مێژوو و ماندووبوون و قوربانیدانی ئازیزانیان بەرز ڕابگرن، چونکە ئەوان چراى گەشاوە و بناغەی ڕاستەقینەی ئازادی و مانەوەی ئەمڕۆمانن.
(*)
سنۆبەر جەوهەر تەها
کارگێری لقی ٢٣

سنووبهر جهوههر تاها