فەلسەفەی شۆڕشی ئەیلوول و هزری ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانی
کاتێ نەتەوەکان لە بەردەم مەترسیی سڕینەوەی مێژوویی دەوەستنەوە، ڕاپەڕین دەبێتە زەرورەتێکی ئەنتۆلۆژی بۆ سەلماندنی حەقیقەتی بوون.
لەم ڕوانگەیەوە، فەلسەفەی شۆڕشی ئەیلوول وەرچەرخانێکی ئەنتۆلۆجی و هۆشیارییەکی قووڵی فەلسەفی و نیشتمانی بوو، هەوڵێك بوو بۆ ڕێگریکردن لە پڕۆسەی پەراوێزخستنی مێژوویی و داڕشتنەوەی شکۆی نەتەوەیی.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، هاوکات لەگەڵ سەپاندنی سیستەمێکی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتە سەردەستەکانەوە، کە نکۆڵییان لە بوونی کورد دەکرد، شۆڕشی ئەیلول شەست و پێنج ساڵ پێش ئێستا وەکوو وەڵامدانەوەیەکی هزری بۆ سەلماندنی سەروەریی ئەخلاقی سەری هەڵدا.
لەم سۆنگەیەوە، چەمکی ئازادی تەنها ڕزگاربوون نەبوو لە زوڵم، بەڵکو وەبەرهێنان بوو لە بونیادنانی ئەکتەرێکی مێژوویی کارا، مرۆڤێك کە بەبێ دوودڵی جەخت لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکاتەوە.
ئەم وەچەرخانە هزری و جەماوەرییە پێویستی بە جەمسەرێکی ڕێکخراو و ستراتیژیەتێکی تۆکمە بوو.
لێرەدا ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو ئەندازیاری ڕێکخستنی تواناکانی کۆمەڵگە دەرکەوت.
دواتر پارتی لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی سیاسیی ئاسایی تێپەڕی و بوو بە پانتاییەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بەرجەستەکردنی بەیەکگەیشتنی نەتەوەیی.
لە ڕێگەی دیدگای سیاسیی پارتییەوە، پرسی کورد لە بەرهەڵستکارییەکی لۆکاڵییەوە گوازرایەوە بۆ قۆناغی بەرگریی نەتەوەیی دەستووردار.
ئەم گۆڕانکارییە پێکهاتەییە وایکرد شۆڕشی ئەیلوول ببێتە بزوێنەرێکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەهەند کە تێیدا سەرجەم توێژەکان لە چوارچێوەی ئامانجێکی فەلسەفیی هاوبەشدا بۆ پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی ڕێکبخرێن.
لە ناوەندی ئەم بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە، کەسایەتیی مستەفا بارزانی وەکوو ڕابەرێکی فەلسەفی، سیمبولی ئیرادەی نەتەوەیی و ڕوحی گەل بەرجەستە بوو.
بارزانی مۆدێلێکی نوێی لە ڕێبەرایەتیکردن جێگیر کرد، کە تێیدا ئیرادە، دلێریی پێشمەرگە و دڵسۆزیی ڕەها بوونە هەوێنی سەرەکیی شۆڕش.
بارزانی بیرۆکەی سەربەخۆیی هزری لە زەینی کۆمەڵگەی کوردستانی چاند و بەرگریی نەتەوەیی وەکوو پێویستییەکی ئەخلاقی، پێش ئەوەی تەنها بژاردەیەکی سیاسی بێت، پێناسە کردەوە.
سەرکردایەتیی بارزانی ئاوێتەیەك بوو لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و دانانی یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆیی وەکوو پایەی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزییە جیوپۆلیتیکییەکان.
پێکەوەگرێدانی فەلسەفەی نیشتمانی، ڕێکخستنی سەردەمیانەی پارتی، و سەرکردایەتیی بارزانی، سەرکەوتنێکی مێژوویی لێکەوتەوە، کە لە ڕێککەوتننامەی ۱۱ی ئاداری ۱۹۷۰دا ڕەنگی دایەوە.
ئەم دەستکەوتە مێژووییە لە سنووری دۆکۆمێنتێکی یاسایی دەرچوو و بووە دانپێدانانێکی فەرمی بە بوونی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان.
فەلسەفەی شۆڕشی ئەیلوول سەلماندی کە گۆڕینی هۆشیاریی نیشتمانی بۆ پڕۆژەیەکی هزری و ڕێکخراو، نەك تەنها ئیرادەی گەل بۆ ئازادی بەهێزتر دەکات، بەڵکو ژێرخانێکیش دادەمەزرێنێت کە تا ئەمڕۆ سەرچاوەی ئیلهام و بنەمای ئەخلاقیی تەواوی دەستکەوتە سیاسییەکانە.
لە کۆتاییدا، پێویستە شۆڕشی ئەیلوول تەنها وەکوو لاپەڕەیەکی داخراوی مێژوو نەبینرێت، بەڵکو وەکوو قوتابخانەیەکی بەردەوام تەماشا بکرێت، بزووتنەوەیەك، کە سەلماندی ڕەسانەیەتیی نەتەوەیی دەتوانێت لە چەقبەستن ڕزگاری بێت، ئەگەر ئیرادەی سیاسی ببێتە حەقیقەتێکی فەلسەفی.
ئەم شۆڕشە سەلماندی کە ئازادی چەمکێکی شکستخواردوو نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گەشەسەندووی ژیارییە، تێیدا بڕوا بە بوون، پێشنیارە مێژووییەکانی ژێردەستیی هەڵوەشاندەوە و ناسنامەی کوردیی لە پاشکۆیەتیی جیوپۆلیتیکییەوە بۆ بونیادنەری سەروەریی سیاسی گواستەوە.
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەت

دكتۆر سامان سۆرانی