( دەست ماچکردنی سهرۆك لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانیەوە کاتێک ڕێباز دەبێتە ڕەوشت )
ڕێبازە گەورەو مێژووییەکان تەنها بەوە ناناسرێنەوە کە بۆ چی شۆڕشیان کردووە بەڵکوو بەوە دەناسرێنەوە کە چ جۆرە مرۆڤێکیان پەروەردە کردووە، ڕێبازی بارزانی لە مێژوودا بە شۆڕش و پێشمەرگە و خەبات بۆ مافی نەتەوەی کورد ناسراوە، بەڵام ئەگەر تەنها لە گۆشەی سەنگەر و چەکدا وێنەکە بیبینین ئەوا بەشێکی گرنگی ئەو ڕێبازەمان لەدەست دەچێت و تەواوی وێنەکەمان نەبینیوە ، لە ناوەرۆکی ئەم ڕێبازەدا کۆمەڵێک بەها هەیە کە خواپەرستی و مرۆڤ دۆستی و نیشتیمانپەروەری و ڕێزگرتن و دادپەروەری و پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و باوەڕ بە مافی ئەوانی دیکە بوونی هەیە ، بۆیە ئەو وێنەیەی دەست ماچکردنی سەرۆک بارزانی لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانیەوە، ئەمڕۆ لە مەراسیمی پرسەی شێخ عبدالواحید شێخ ئیبراهیم شێخ عبدالسلام گیرا، تەنها وێنەی ساتێکی سۆزدار نییەو بەس
کاتێک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاوی هەموو ئامادەبووان و بەڕێزەوەو لەسەر ئەژنۆ دادەنیشێت و دەستی سەرۆک بارزانی ماچ دەکات ئەمە وێنەی پەروەردەیە، چونکە ئەو ڕەفتارە لە یەک ساتدا دروست نابێت ، لە پشت ئەو ساتەوە خێزانێک هەیە، کۆمەڵگەیەک هەیە، کەلتوورێک هەیە و پێش هەموویان پەروەردەیەک هەیە کە مرۆڤی فێری ڕێزگرتن دەکات ، پەروەردە تەنها ئەوە نییە منداڵ فێری خوێندن و نووسین بکرێت ، پەروەردە ئەوەیە فێری ئەوە بکرێت کە لەگەڵ گەورەتر لە خۆی چۆن ڕەفتار بکات، لەگەڵ جیاواز لە خۆی چۆن بژیێت، و لەگەڵ ئەو کەسەی مافی لایەتی چۆن دادپەروەر بێت
ڕێباز ئەگەر تەنها لە مێشکدا بێت، بیرۆکەیە ئەگەر لە دڵدا بێت باوەڕە بەڵام کاتێک لە ڕەفتاردا دەردەکەوێت ئەوکاتە دەبێتە ئەخلاق و ئەخلاقیش بە دروشم دروست نابێت بە پەروەردە دروست دەبێت ، خودی وێنەکە زیاتر لە هەزار وشە دەڵێت چونکە بە وشە ناڵێت ڕێز لەخۆتان گەورەترو باڵاتربگرن بەڵکوو ڕێز وەک کردار پیشانی هەمووان دەدات ، ئەمەش دەمانباتەوە بۆ مانای قوڵتری ڕێبازی بارزانی، ئەگەر ئەو ڕێبازە تەنها شۆڕشێکی سەربازی بۆ ئازادیی نەتەوەی کورد بوایە، لەگەڵ کۆتایی هەر سەنگەرێکدا بەشێکی مێژووییی کۆتایی پێدەهات، بەڵام کاتێک شۆڕش لەگەڵ بەها و ئەخلاق و پەروەردە پێکەوە دەبەسترێتەوە، پەروەردخوازانی ڕێبازی بارزان لەو ڕێگەیەوە شێوەی ژیان و بیرکردنەوەیان بۆ دروست دەبێت، مرۆڤ کاتێک کە نەتەوەکەی خۆش دەوێت، نەتەوەکانی دیکە بە کەم نابینێت ئاینی خۆی بەڕێزە، بەڵام ڕێزی ئاینی ئەوانی دیکە دەگرێت و ڕەتی ناکاتەوە، مافی خۆی دەوێت بەڵام مافی ئەوانی دیکەش بە ڕەوا دەزانێت ، نیشتیمانەکەی خۆش دەوێت و سروشت و ژینگەکەشی دەپارێزێت
لێرەدایە گرنگیی پەروەردە دەردەکەوێت ڕێباز بە ناوەکەی بەردەوام نابێت، بە دروشمەکەی بەردەوام نابێت بەو مرۆڤانە بەردەوام دەبێت کە بەهاکانی لە خۆیانداجێبەجێ دەکەن و دەژێنن ، ئەگەر نەوەی نوێ تەنها مێژووی بارزانی بخوێنێت، دەبێتە مێژووناس ، بەڵام ئەگەر لەڕێبازەکەی پەروەردەبن خۆبەگەورەنەزانین و خواپەرستی و مرۆڤدۆستی و خزمەت بە نیشتیمان فێر دەبێت، کەواتە ڕێبازەکە لە ناخی ئەوکەسەدا بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوە ئەو وێنەیە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی لە بنەڕەتدا وێنەی کەسێک نییە کە دەستی کەسێکی تر ماچ دەکات بەڵکوو وێنەی پەیوەندیی نێوان پەروەردە و ڕێبازو فیکرو ڕەوشتە
بۆ هەر ڕێبازێک لە دونیادا گرنگترین شت ئەوەیە چەند کەسی پەروەردە کردوە نەک ئەوەی چەند کەسی دواکەوتوە،
چونکە شۆڕش بە چەک دەتوانێت سەنگەر بگرێت
بەڵام تەنها پەروەردە دەتوانێت بەهاکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوازێتەوە ، شۆڕش بە چەک دەست پێ دەکات ڕێباز بە بەها دەژی و بەها بە پەروەردە بەردەوام دەبێت.ئێمەش هەمیشە بەکردەوە هەڵگری بیروباوەڕی ئەو ڕێبازە دەبین .

ڕێبین رحیم هەڵەبجە