خۆراكی باش، دەرمانی باشە
دەستەواژەی خۆراكی باش دەرمانی باشە Good food is Good medicine، بە واتای بوونی پەیوەندیی بەهێزە لە نێوان خۆراك و تەندروستیی باشی درێژمەودا. خۆراك وەكو دەرمان واتە: خۆراكی هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە خۆراكی سرووشتی و تەواو (كە كەمترین مامەڵەی لەگەڵدا كرابێت) ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ خۆپاراستن یان كۆنتڕۆڵكردنی گەلێك نەخۆشیی درێژخایەنی وەكو: قەڵەوی، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرەی جۆری 2، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتەی مێشك، پووكانەوەی ئێسك، هەوكردن و هەندێك جۆری شێرپەنجە، هەروەها خۆراكی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ هاندەرە بۆ گەشەی بەكتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە كە گرنگە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش و میتابۆلزیم (گۆڕینی خۆراك بۆ وزە). نموونەی خۆراكە باشەكان: سەوزە و میوەكان، زەیتی زەیتوون، ئاڤۆكادۆ، گوێز، باوی، پاقلەمەنییەكان، دانەوێڵەی تەواو، نیسك، تۆوەكان، ماسی. نموونەی خۆراكی ناتەندروست كە پێویستە سنووردار بكرێن: خۆراكی زیاد پرۆسێسكراو وەكو ئاردی سپی، شەكرە سافكراو و زیادكراوەكان، بڕی زیادی خوێ، هەروەها چەورییە تێرەكان و چەورییە گۆڕاوەكان Trans fats.
