مێژووی تاشە بەردەكانی كوردستان
بەردی شوێنەواری «ئەسكەندەر پاشا» لە قەزای ماوەت، كە لەلایەن «خان ئیسماعیل سوڵتان» كە فەرمانڕەوای شاری بانە و ناوچەی دەشتەتاڵ بووە، بە زمانی فارسی نووسراوە، پاشان دەسەڵاتی ڕادەستی كوڕەكەی كردووە، كە ناوی ئەسكەندەر بەگ بووە، و ئەسكەندەر بەگ، شارۆچكەی ماوەتی كردووەتە پایتەختی قەڵەمڕەوییەكەی، مێژووی تۆماركردنی ئەم نووسینە بۆ ساڵی ١٠٧٢ ك-١٦٦٢-ز دەگەڕێتەوە.
بەردە مێژووییەكەی قەزای ماوەت، پەرژینی بۆ كراوە و ئێستا بووەتە بەشێك لە مێژووی ناوچەكە، خەڵكی ناوچەكە لە باپیرانی خۆیان بیستووەتەوە، پارچەیەك لەم بەردە لە ساڵی 1932 لە لایەن ئینگلیزەكان بردراوە و ساڵانێكی زۆریش بەردەكە كەوتووەتە ژێر گڵ و دیار نەماوە، ساڵی 2021 بەردەكە دۆزرایەوە و لە ڕێگەی پارێزگاری سلێمانییەوە پەرژینی بۆ كراوە و پارێزراوە. دوای دۆزینەوەی بەردەكەی ماوەت توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر كراوە، ئەو ئەم بەردە بە یەكێك لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەكانی ناوچەكە ناو دەبرێت. شوێنەوارناسان دەڵێن، مێژووی بەردەكە بۆ پێنج سەدە لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، گەرچی نوسراوەكەی سەر ئەو بەردە بە زمانی فارسییە، بەڵام چیرۆكی میرێكی دەسەڵاتداری كوردە بە ناوی “ئیسماعیل خان” كە دەسەڵاتی بە سەر بانە تا ماوەت بووە، لە سەردەمی پێش بابانییەكان ژیاوە.
