ڕێبازی بارزانی؛ ڕێدۆز و کەناری ئارامی نیشتمان، هاوسەنگی هێز و ئومێدی داهاتوو

ڕێبازی بارزانی؛  ڕێدۆز و کەناری ئارامی نیشتمان، هاوسەنگی هێز و ئومێدی داهاتوو

 

 

ئەمڕۆ، لەناو جەرگەی باهۆز و ئاڵۆزییە کەمپێشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی قوتابخانەی مەزنی کوردایەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە. لەم کاتە هەستیارەدا کە نەخشەی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراودایە و شەپۆلی قەیرانەکان لە هەموو لایەکەوە دەورەیان داوین، تەنها یەک هێزێکە وەک چیای سەفین و حەمرین چۆک بە تەوژمەکان دادەدات؛ ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتییە حەکیمەکەیەتی ، ئەم پارتە تەنیا حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو قەڵای نەبەزینی قەوارەی هەرێم و بەهای ستراتیژی و تاکە گەرەنتی پاراستنی کەرامەتی نەتەوەییمانە.

ئەم حزبە مەزنە، کە لەسەر دەستی باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد، مەلا مستەفای بارزانیی نەمر دامەزرا، لە ژێر سێبەری کاروانی خەبات و شەونخونی کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد ، بەردەوام پارتیمان لە کاتی تەنگانەدا بووەتە فریادرەسی خاک و خەڵک. لەم قۆناغە پڕ لە ململانێیەدا، بە حیکمەت و دووربینیی سەرۆک مەسعود بارزانی بووەتە چەترێک بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمان وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژیی ڕوون ، بە کۆکردنەوە و پارێزگاری لە گشت پێکهاتەکان و کۆی هەموو دەنگ و ڕەنگەکان نەک تەنیا لە باشوور، بەڵکو لە پارچەکانی تری کوردستان شاهێدی ڕۆڵ و مەزنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانین .

لەسەر ئەم بنەما پتەوەش، بە لێهاتوویی و کارامەیی و دیپلۆماسیی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و ئیرادەی پۆڵاینی کارگیڕی و چاکسازیی و راگرتنی هەرێم لە کاناری ئارامیدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی پێگەی ئابووری و سیاسی کوردستانیان لەناو ئەم گێژەڵۆکەیەدا لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتی بە هێزەوە پاراستووە .

مێژوو و واقیعی ئەمڕۆ گەواهیدەدەن؛ کاتێک قەیرانەکان ڕووبەڕووی ئەم نیشتمانە دەبنەوە... چاوی ئومێدی دۆست و نەیار لەسەر بڕیارە شێلگیرەکانی پارتییە کە بووەتە سەنگی هاوسەنگی و ڕێگر لەبەردەم هەموو ئەو پیلانانەی دەیانەوێت قەوارەی هەرێم لاواز بکەن.

گەورەیی پارتی لەوەدایە کە لەبەرامبەر هیچ گوشارێکدا خۆچەمێن نییە ، و هەمیشە بەرژەوەندیی باڵای گەلی لە سەرووی هەموو شتێکەوە داناوە ، ئەم پێگە بەهێز و کەم وێنەیەی پارتی بەرهەمی شەونخونی، دڵسۆزی و کارامەیی سەرکردایەتی و کادیرە دڵسۆزەکانی پارتییە لە تەواوی ئۆرگانەکاندا، کادیرانی پارتی، سوپایەکی ڕێکخراو و چاونەترسی فکریین، کە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگری و ئاوەدانیدان.

بە پشتگیریی ئەم کادیرە دڵسۆزانە و بە پاڵپشتیی دەنگی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی ئەم نیشتمانە، سەلماندی کە متمانەی ڕەها و بێڕکابەری گەلی کوردستانی لەدەستدایە! ئەم دەنگە ملیۆنییە شەرعییەتێکی پۆڵایینە کە هەموو نەیارانی ناچار کرد کڕنۆش بۆ ئیرادەی پارتی و پارتییەکان ببەن!

لەم پێناوەدا... بازووی بەهێزی نیشتمان، کچان و کوڕانی چاونەترسی پێشمەرگەن، کە میراتگری ڕاستەقینەی شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵانن، ئەوانەی دوێنێ داستانی هندرێن و زۆزکیان تۆمار کرد، ئەمڕۆش بە قارەمانێتی خۆیان لە پردێ، سحێلا و خواکوڕک، هێڵێکی سووریان لە دەوری خاکی کوردستان کێشایەوە .

بێشک ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە پێشانی دەدات کە کەرامەتی ئەم نەتەوەیە تەنها بە بازووی پێشمەرگە دەپارێزرێت و هیچ تەماعکارێک ناتوانێت زەفەری پێ ببات ، چونکە ئەوان پاریزەری شەرفی نەتەوەن کە خاک و ئاڵایە ، هەروا خوێنی گەشی شەهیدانمان دڵنیایی دوێنێ و هێزی ئەمڕۆمانن، بازووی لاوان و ئافرەتان و چرای زانستی قوتابیان و جەماوەری ملێۆنی، ئومێدی داهاتوو و هەمیشە پێشەنگی پارتیمانە چونکە لکاوە بە ڕەگی ئەم خاکەوە.

لەیادی پڕشکۆی ١٦ی ئابدا ،بەهێزی پارتی واتا سەروەری خاک و ئاسایشی نەتەوەو نیشتمان پارێزراوە ، ئومێدی داهاتوویەکی گەشە.. شکۆداربێت ئەم یادە پیرۆزە.

Top