لە نێوان "سەربەستیی کوردستان" و "ترسی بەغدا"؛ ئاسایشێک کە کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزێت
ئەو دیمەنانەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی بەغدا بینران، کە تێیدا کچێکی گەنج لەناو جەرگەی شاردا ڕاوەدوو دەنرا و بۆ پاراستنی کەرامەت و ژیانی پەنای بۆ کۆڵانەکان دەبرد، تەنها دیمەنێکی هەژێنەر نەبوو، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی پێیان وایە "ئارامی" وەک هەوا خۆڕاییە و بەبێ ماندوبوون بەدەست دێت.
کاتێک سەیری ئەو ڤیدیۆیە دەکەیت، تێدەگەیت کە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان تەنها "ژیان" و "بە کەرامەت ژیان". لە کاتێکدا لە زۆر شوێنی ناوچەکە، ژن و کچ کاتێک دەچنە دەرەوە دەبێت دڵیان لە مشتیاندا بێت، لێرە لە کوردستان، ئافرەتان بە سەربەستی و بەبێ ترس لە نیوەشەودا هاتوچۆ دەکەن و بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان.
بەداخەوە، تاقمێک هەن لەناو کوردستاندا، چاویان بەم ئەمن و ئاسایشە هەڵنایەت. ئەوانەی یەک چرکە ماندوبوونیان بۆ ئەم نیشتمانە نەکێشاوە، بە زمانی سارد دەڵێن: "ئەوە ئەرکی حکومەتە". بەڵێ، ئەرکی حکومەتە، بەڵام ئایا بیرمان لەوە کردووەتەوە کە ئەم ئەرکە چەندە قورسە؟ ئایا دەزانین لە پشت ئەم دڵنیاییەی ئێمە، هەزاران چاوی بەئاگا و هەزاران ڕۆحی ماندوو هەن کە ناخەون تا ئێمە بە ئارامی بخەوین؟
ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا ڕوویدا، وانەیەک بوو بۆ هەموومان. وانەیەک بوو بۆ ئەوەی بزانین ئەو ئازادییەی لێرە هەمانە، بە ڕێکەوت دروست نەبووە. پاراستنی کەرامەتی خوشک و دایک و هاوسەرەکانمان لەسەر شەقامەکان، بەرهەمی سیستمێکی ئەمنی و سیاسیی توندوتۆڵە کە مرۆڤی تێدا بەرز ڕادەگیرێت.
دەستخۆشی و ئەمەکداریی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ هەموو ئەو دەزگا ئەمنییانەی کە شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک، بۆ ئەوەی ئێمە بە سەربەرزی بژین. سوپاس بۆ ئەو پارێزەرانەی نیشتمان کە ڕێگەیان نەداوە و نادەن شەقامەکانمان ببێتە شوێنی تێشکاندنی شکۆی مرۆڤ.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک تێدەگەین؛ ئاسایش تەنها وشەیەک نییە، بەڵکو ئەو هەناسە ساردەیە کە خێزانەکانمان لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە هەڵیدەکێشن. با قەدری ئەم نیعمەتە بزانین و نەکەوینە ژێر کاریگەریی ئەو دەنگە ناڕەزایانەی کە دەیانەوێت جوانییەکانی ئەم هەرێمە لێمان بشێوێنن.

دڵشاد ھەرکی