لە برینی سارڕێژنەبووی ئەنفالەوە بۆ سەنگەری خزمەت: داستانی ٤٣ ساڵەی شێرەژنانی بارزان
دوای ٤٣ ساڵ لە تاوانی جینۆسایدکردنی چڕی ٨٠٠٠ بارزانی، ئیرادەی دایکان برینی مێژووی کردە هەوێنی بونیاتنان و پێگەیاندنی نەوەیەکی ڕۆشنفکر و خزمەتکار لە ناوەندەکانی بڕیاردا.
٣١ـی تەمووزی ١٩٨٣، تەنیا ڕێکەوتێک نییە لەسەر ڕۆژژمێر بە تێپەڕبوونی کات تۆزی لەسەر نیشتبێت؛ بەڵکو برینێکی جەرگبڕی نەتەوەیی و لە هەمان کاتدا دەستپێکی داستانێکی بێوێنەی خۆڕاگرییە ، لەو ڕۆژە شوومەدا، ڕژێمی لەناوچووی بەعس لە تاوانێکی ڕێکخراودا ٨٠٠٠ پیاو و گەنج و ڕۆڵەی بێتاوانی بارزانیەکانی بێسەروشوێن و ئەنفال کرد، ئامانجی ئەو تاوانە تەنیا سڕینەوەی جەستەیی نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ ئیفلیجکردنی کۆمەڵگە و بڕینی هیوا لە ناخی خێزانەکاندا.
شێرەژنانیان؛ ئەندازیاری ڕاستەقینەی ڕزگاربوون خێزان بوون لە دواڕۆژی کارەساتەکەدا، کاتێک ماڵەکان لە باوک و برایان خالی بوونەوە، ئەرکێکی مێژوویی قورس گران کەوتە سەر شانی ژنانی بارزان، ئەو دایکە سەربەرزانە لە ناو کەلاوەی ئازار و بێدەرەتانیدا، تەسلیمی بێئومێدی نەبوون، ئەوان بە نانکردن، بە کرێکاری و بە ئارەقەی نێوچاوانیان ڕێگەیان نەدا چرای هیوای ماڵەکان خامۆش بن .
ئەو دایکە خەباتکارانە، بە نانی حەڵاڵ و ئیرادەیەکی پۆڵایین، منداڵە بێ باوککراوەکانیان بەخێو کرد، ئەوان نەک هەر بژێویی خێزانەکانیان دابین کرد، بەڵکو تۆوی سەربەرزی و نیشتمانپەروەری و کەرامەتیان لە ناخی ئەو منداڵانەدا چاند، تا لەبری تۆڵەسەندنەوەی کوێرانە، ئامادەیان بکەن بۆ دادپەروەری و بیناتنانی کوردستانێکی پێشکەوتوو و مۆدێرن.
بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی شێره ژنان ئەوە بوو ڕۆڵەکانیان لە ناوەندی خزمەت دا بەکار بێنن بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان، ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی ٤٣ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە مێژوویییەدا، بەرهەمی ماندووبوونی ئەو دایکە شێرەژنانە بەرجەستە بوونە، ئەو منداڵانەی دوێنێ لە سایەی بەخێوکردنی ئارەقەی دەستی دایکیاندا پێگەیشتن، ئەمڕۆ لە دامەزراوە حیزبی و حکومییەکاندا ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن و بە زانست و دڵسۆزی و پاکی خزمەت بە وڵات دەکەن.
ئەم ئامادەیییە بەهێزەی ڕۆڵەکانی ئەنفال لە ناوەندەکانی بڕیاردا، وەڵامێکی کردەیییە بۆ هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە ئەوان سەلماندیان کە ئیرادەی مانەوە و خزمەت، بەهێزترە لە ماشێنی سڕینەوەی دیکتاتۆرییەت.
سەری ڕێز لە ئاست گیانی پاکی ٨٠٠٠ شەهیدی بارزانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین وە بۆ من جێی شانازیە کە سێ له مامۆستایانم له کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە زادهی ئەم بنەماڵه پیرۆزانە بوون ئەوانیش ( دکتۆر ڕزگار شەهاب حاجی ، دکتۆر سیروان لەتیف حاجی ، مامۆستا دڵشاد واحید) بوون.
دروود بۆ ئیرادەی ئەفسانەیی ئەو دایکانەی لە ناخی تاریکییەوە، ئاینادەیەکی ڕووناکیان بۆ نیشتمان خولقاند.

ئاسۆ جمیل شێخ وەسانی