زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا کۆمەڵگه‌ی کوردی بەچ ئاراستەیەکدا دەبات و لایەنە ئەرێنییەکانی بۆ باشترکردنی ڕەوتی کۆمەڵگە چییە؟

زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا کۆمەڵگه‌ی کوردی بەچ ئاراستەیەکدا دەبات و لایەنە ئەرێنییەکانی بۆ باشترکردنی ڕەوتی کۆمەڵگە چییە؟



لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لە جیهاندا پێشکەوتنێکی زۆر لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەبینرێت، کوردستانیش بێبەش نییە لەم شۆڕشە مەزنە تەکنۆلۆژییە، بۆ تێگەیشتن لە ئاڕاستەی ڕاستەقینەی زیرەکیی دەستکر کە چیتر تەنیا کەرەستەیەکی کات بەسەربردن نییە، بەڵکو بووەتە بزوێنەری سەرەکی بۆ چەندین کایەی گرنگ لە هەرێمی کوردستاندا، کە ئاراستەی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو قۆناغی دیجیتاڵبوونی تەواوەتی ئاڕاستەیەکی نوێ و قوڵتر دەبات و گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست دەکات، کە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر ژیانی ڕۆژانەمان ، هەروا دەتوانێت ببێتە هۆکاریک بۆ بازدانی شارستانی، ئەگەر بە بیرێکی فراوان و ڕاستگۆیانە کاری پێبکرێت . ئەم گۆڕانکارییە لایەنی ئەرێنی هەیە، بەڵام هاوکات بەستراوەتەوە بە ئامادەیی ژێرخانی تەکنەلۆجی و هۆشیاری تاکەکانەوە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئاڕاستە سەرەکییەکان و دەرفەتەکان . گرنگترین ئەو ئاڕاستە نوێیانە ئەمانەن:
1- ئاڕاستەی سیاسی و بڕیاردان لە حوکمڕانیدا ؛
• شیکردنەوەی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەنگدەران کە لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان بەرەو بەکارهێنانی ئامرازەکانی ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیە دەڕۆن بۆوەرگرتنی ڕای گشتی لە سۆشیاڵ میدیادا. ئەمەش بۆ ئاڕاستەکردنی کەمپینەکانی هەڵبژاردن و نوسینی وتار بەپێی ویستی جەماوەر بەکاردێت.
• کۆنتڕۆڵ و چاودێری ئەمنی: بۆ نمونە بەکارهێنانی سیستەمی زیرەک بۆ ناسینەوەی دەموچاو لە کامێراکانی سەر شەقام و بازگەکانی شارە گەورەکانی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش ڕووی لە زیادبوون کردووە.
2- ئاڕاستەی هونەری، کلتوری ؛
• پاراستنی شوێنەوار و بوژانەوەی کلتووری مێژوویی: دروستکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ، و دەنگی کەسایەتییە مێژووییەکانی کورد (وەک شاعیران و سەرکردە کۆنەکان) بە کوالیتی بەرز. ئەمە جۆرێک لە شانازی نەتەوەیی لای نەوەی داهاتوو دروست کردووە.
• شۆڕش لە موزیک و سینەمای کوردیدا: گۆرانیبێژ و دەرهێنەرە گەنجەکان بۆ تێکەڵکردنی ئاوازە ڕەسەنەکان لەگەڵ شێوازە جیهانییەکان بەکاردەهێنن. هاوکاریشە لە کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی.
3- ئاڕاستەی دادپەروەری و یاسا؛ خێراکردنی دۆسیە یاساییەکان: پارێزەران و دادوەرانی کورد دەکرێت سوودی لێ وەربگرن بۆ گەڕان لە ناو هەزاران یاسا و ڕێنمایی کۆنی عێراقی و کوردی بۆ دۆزینەوەی بەڵگەکان، ئەمەش ماوەی یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی خەڵک لە دادگاکاندا کورت دەکاتەوە.
4- بوژاندنەوەی سێکتەرەکانی گەشەسەندنی زمانی کوردی نەمانی پردی نێوان سۆرانی و بادینی: ئامرازەکانی وەرگێڕانی دەستبەجێی کوردی، تێگەیشتن و گفتوگۆی نێوان دیالێکتە جیاوازەکانی کوردستانیان هەورامی، کرمانجی و سۆرانی ... زۆر ئاسانتر کردووە. ئەمەش یەکڕیزییەکی کلتوری و کۆمەڵایەتی زیاتر دروست دەکات و دەبێتە هۆی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە جیهانی دیجیتاڵیدا.
5- ئاڕاستەی ئابووری و سەرهەڵدانی کۆچکردنی سەرمایە: ئاڕاستەی سەرمایەدارانی دێرینی کورد لە کڕینی زەوی و خانوبەرەوە بەرەو کڕینی پشک و وەبەرهێنان لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان گۆڕاوە. ئەمەش چینێکی نوێ لە دەوڵەمەندی گەنجی دروستکردووە کە تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوەیە و تەنها لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تەکنەلۆجیاوە دەوڵەمەند بوون.
6- حکومەتی ئەلیکترۆنی و کەمکردنەوەی ڕۆتین: ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتیان خێراتر دەکات و گەندەڵی کارگێڕی لە دامودەزگاکاندا کەم دەکاتەوە.
7- پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی: سیستەمە زیرەکەکان یارمەتی پزیشکان دەدەن لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان، بەتایبەت لەو ناوچانەی پزیشکی پسپۆڕیان کەمە، سیستەمەکانی ئایدیۆلۆژی و دەستنیشانکردنی نەخۆشی بۆ نموونە شیکردنەوەی تیشک و تاقیگە، یارمەتی بنکە تەندروستییە ناوخۆییەکان دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان.
8- کشتوکاڵی زیرەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جوتیارانی کورد بەرەو بەکارهێنانی درۆن و پرۆگرامەکانی ژیری دەستکرد دەڕۆن بۆ چاودێریکردنی زەوییەکان، دۆزینەوەی نەخۆشی ڕووەک، و بەڕێوەبردنی ئاو بە شێوازێکی دڵۆپاندنی زیرەک. ئەمەش ئاسایشی خۆراکی هەرێم بەهێز دەکات.
9- لە بازاڕی کاردا کۆچکردن لەکارمەندی حوکمییەوە بۆ کەرتی تەکنەلۆجیا: گەنجانی کورد کەمتر پشت بە دامەزراندنی حکومی دەبەستن. دەرفەتی کارکردنی لە دوورەوە بۆ ڕەخساندوون. گەنجێک لە دهۆک، سلێمانی یان هەولێر دەتوانێت وەک گەشەپێدەر، دیزاینەر، یان شیکەرەوەی داتا بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان کار بکات و داهاتی بەرز بە دەست بهێنێت.
10- کەرتی تایبەت لە کوردستان بڕبڕەی پشتی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکانە و دەتوانێت بە وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکرددا، هەم قازانجی دارایی گەورە بکات و هەم بازاڕی کار ببووژێنێتەوە لە ڕێگای؛
• کەرتی دارایی و بانک: پەرەپێدانی سیستەمی بانکی زیرەک بۆ ناسینەوەی فێڵ و خێراکردنی قەرزدان.
• تەندروستی تایبەت: کڕینی سیستەمی دەستنیشانکردنی نەخۆشی بە زیراکی داستکرد بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان.
• بازرگانی ئەلیکترۆنی: بەکارهێنانی بۆتەکانی چاتی کوردی بۆ وەڵامدانەوەی خۆکاری وبەرداوامی کڕیاران.
• کۆمپانیاکانی پەیوەندی کردن: وەبەرهێنان لە داتای مەرکەزی بۆ دابینکردنی هێزی کۆمپیوتەری.
• پیشەسازی بیناسازی و عەقارات: بەکارهێنانی بۆ دیزاینی ئەندازیاری کەم تێچوو و پێشبینیکردنی نرخی خانوبەرە.
• دەستکەوتەکانی ئەم وەبەرهێنانە بۆ کۆمپانیاکان کەمکردنەوەی تێچووی کارگێڕی: کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی بەشە ڕۆتینییەکان و ئۆتۆماتیککردنی کارەکان.
• بڕیاردانی دروست لە بازاڕدا: شیکردنەوەی داتای کڕیارانی کورد تا بە ووردی کڕین و فرۆشتن ئەنجام بدەن.
• ڕکابەری جیهانی بە بەرهەمی ناوخۆ: توانای ناردنی بەرهەم و خزمەتگوزاری کوردی بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی وڵات.

ئایا پێتوایە تاکی کورد ئەو هەلە بقۆزێتەوە و سوود لەم داهێنانە وەربگرێت ؟
بێشک تاکی کورد نەک هەر دەتوانێت، بەڵکو لە ئێستاوە دەستی کردووە بە قۆستنەوەی ئەم هەلە بۆ داهێنان، چونکە زیرەکی دەستکرد بەربەستە جوگرافی و ئابورییەکانی کەمکردووەتەوە.
لە ئێستادا دەبێ بپرسین چۆن تاکی کورد دەتوانێت لەم قۆناغەدا داهێنان بکات؟ داهاتووی تاکی کورد پەیوەستە بە پرسیارکردنی دروست و توانای ڕەخنە گرتن نەک تەنها کۆپی کردن ، ئەمانەش لە چەند ڕێگایەکەوە ؛
• تێپەڕاندنی بەربەستی زمان: ئامرازەکانی وەک وەرگێڕانی هاوکات و داڕشتنەوەی دەق، ڕێگا خۆش دەکەن بۆ گەنجی کورد کە لەگەڵ جیهاندا کاربکات و فێری نوێترین زانستەکان بێت بەبێ کێشەی زمان.
• چارەسەرکردنی کێشە خۆماڵییەکان: داهێنان لەم بوارەدا پێویستی بە ناسینی ژینگەی کوردی هەیە. بۆ نموونە: دروستکردنی پرۆگرامی سیستەمی زیرەک بۆ چارەسەری کێشەی ئاو و کارەبا...هتد
• فێربوونی خێرا و بێبەرامبەر: مۆدێلە گەورەکانی زمان وەک مامۆستایەکی تایبەتی کارامە کار دەکەن. گەنجان دەتوانن کۆدنووسی، دیزاین، و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان لە ماڵەوە و بەبێ تێچوو فێرببن.
• کەمکردنەوەی تێچووی پڕۆژەکان: پێشتر دەستپێکردنی کۆمپانیایەک پێویستی بە ستافێکی گەورە هەبوو، ئێستا تاکە کەسێک بە یارمەتی دەتوانێت کارێکی گەورە ڕاپەڕێنێت، لە نووسینی کۆدەوە تا شیکردنەوەی بازاڕ و ڕیکلامکردن.
• پەرەپێدانی زمانی دایک: گەورەترین کایەی داهێنان بۆ تاکی کورد، دەوڵەمەندکردنی داتای کوردییە ، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ زمانەوان و گەشەپێدەرانی کورد.
• سەرهەڵدانی نەوەی "فێرخوازی سەربەخۆ": سیستەمی پەروەردەی کلاسیکی لە کوردستان توانای نییە شانبەشانی ئەم خێراییە بڕوات. بۆیە، ئاڕاستەی گەنجان بەرەو فێربوونی خودی دەچێت لە ڕێگەی هاوکارە زیرەکەکان ، ئەمەش هۆشیاری و ئاستی زانستی تاکی کورد بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرز دەکاتەوە.
دەرەنجام زیرەکیی دەستکرد کۆمەڵگەی کوردی بەرەو قۆناغێک دەبات کە تێیدا "داتا و زانیاری" دەبنە سەرمایەی سەرەکی نەک تەنیا نەوت یان کەرتی تەقلیدی. داهاتووی ئەم ئاڕاستەیە بەندە بەوەی کە ئایا حکومەت، زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن و میدیاکاندا کەرتی تایبەت تا چەند دەتوانن "ستراتیژییەکی نیشتمانی و یاسای نوێی تایبەت بۆ ژیری دەستکرد'' دابڕێژن بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی و قۆستنەوەی لایەنە ئەرێنییەکان، بۆئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەم شەپۆلەدا نەخنکێت، چونکە دەبێ ئەوە بزانین کە ئالێنگاری و بەربەست هەن دەبنە هۆی دروست کردنی ترس و دوودڵی لەناو کۆمەڵگەدا.

 

کۆسار کەریم رۆژ

Top